پەرلەمانتارانی ئەڵمانیا زیادکردنی مووچەی 500 یۆرۆیان ڕەتکردەوە
  2026-07-11       425       

لە ئەڵمانیا، دوابەدوای ڕێوشوێنە خۆپارێزییەکانی حکومەت، ئەندامانی پەرلەمان بە کۆی دەنگ زیادکردنی مووچەی 500 یۆرۆیان ڕەتکردەوە بۆ ئەوەی پەیامی هاوسۆزی لەگەڵ ڕای گشتی بنێرن.

 

ئاوێنە: لە ئەڵمانیا ، پەرلەمانی فیدراڵی بە کۆی دەنگ پڕۆژە یاسایەکی پەسەند کرد بۆ ڕاگرتنی زیادکردنی مووچەی ئەمساڵ بۆ ئەندامانی پەرلەمان.

بەگوێرەی دۆیچە ڤێلێ، بەم بڕیارە پەرلەمان دەیەوێت پەیامی هاودەنگی بۆ گەلی ئەڵمانیا بنێرێت، کە بەهۆی ڕێوشوێنە خۆپارێزییەکانی حکومەتەوە قۆناغێکی سەخت تێدەپەڕن.

یۆهانس فێچنەر، ئەندامی پەرلەمان لە پارتی سۆسیال دیموکرات (SPD)، هاوبەشی بچووک لە حکومەتی هاوپەیمانی، ڕایگەیاند، ڕاگرتنی زیادکردنی مووچەی پەرلەمان ئاماژەیەکی دروست بووە لە کاتێکدا کە "مشتومڕی توندی خۆپارێزی لە وڵاتەکەدا بەردەوامە". ه

ستیفان براندنەر، ئەندامی پارتی بەدیل بۆ ئەڵمانیا (AfD) کە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنە لە پەرلەمانی فیدراڵی، ڕاستڕەوی توندڕەو، داوای ڕاگرتنی گشتیی زیادکردنی مووچەی ئۆتۆماتیکی و ئەندامانی حکومەتی فیدراڵی دەستبەرداربوون لە بەشێک لە مووچەکانیانی کرد.

ئینا لاتندۆرف لە پارتی چەپ جەختی لەوە کردەوە کە پارتەکەی پێشتر زیادکردنی مووچەی پەرلەمانتارانی بە "نادادپەروەرانە" زانیوە و بۆیە چەندین جار زیادکردنی مووچەی بۆ ئەندامانی پەرلەمان ڕەتکردووەتەوە. لاتێندۆرف وەبیری هێنایەوە کە، هەر لەبەر ئەم هۆکارە، هەموو ئەندامانی پارتی چەپ لە پەرلەمان بەشێک لە مووچەکانیان بەخشی.

لە ئەڵمانیا، مووچەی ئەندامانی پەرلەمانی فیدراڵی لە ساڵی ٢٠١٤ەوە بەگوێرەی پەرەپێدانی پێوەرەکانی مووچەو پلە بەرزکردنەوە زیاد دەکات. بەپێی ئەم پراکتیزەی بڕیار بوو لە یەکەمی تەمموزدا مووچە بە ڕێژەی لەسەدا ٤.٢ زیاد بکات. ئەمەش دەبووە هۆی بەرزبوونەوەی کۆی مووچەی ئەندامانی پەرلەمان لە ئێستاوە کە نزیکەی ١١ هەزار و ٨٣٣ یۆرۆیە بۆ نزیکەی ١٢ هەزار و ٣٣٠ یۆرۆ. بەڵام ئەم زیادکردنە هەڵوەشاوەتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×