بەیانی ئەمڕۆ شەممە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کە سەرۆکایەتی شاندێکی سیاسی کرد؛ گەیشتە مەسقەت و، لەگەڵ "سەید بەدر ئەلبوسەعیدی" وەزیری دەرەوەی عومان کۆبووەوە و گفتوگۆی کرد.
ئاوێنە: وەزیری دەرەوەی ئێران ستایشی پەیامی هاوخەمیی عومان و ئامادەبوونی سەرۆکی پەرلەمانی ئەو وڵاتەی کرد لە مەراسیمی ڕێزلێنان لە "ڕێبەری پێشوووی کۆماری ئیسلامی ئێران" و جەختی لەسەر بایەخدانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان ئێران و عومان کردەوە.
هەروەها وەزیری دەرەوەی عومان جەختی لە هەڵوێستی بنەڕەتیی وڵاتەکەی کردەوە سەبارەت بە بەکارهێنانی دیپلۆماسی بۆ ڕێگری لە پەرەسەندنی گرژییەکان لە ناوچەکەدا، هەروەها ئومێدی خواست کە بە جێبەجێکردنی تەواوەتیی "یاداشتی لێکتێگەیشتنی ئیسلام ئاباد" لەنێوان ئێران و ئەمریکا، شاهیدی باشتربوونی دۆخی ئەمنیی ناوچەکە بن.
وەزیرانی دەرەوەی ئێران و عومان لەم دیدارەدا سەبارەت بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی تاران و مەسقەت لە بوارە جیاجیاکاندا و هەروەها گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە، بەتایبەت پرسی "گەرووی هورمز" گفتوگۆیان کرد.
هاوکات عێراقچی و ئەلبوسەعیدی هەروەها بیروڕایان گۆڕییەوە سەبارەت بە میکانیزمە گونجاوەکان بۆ هاتووچۆی سەلامەتی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز، بەگوێرەی ماددەی ٥ی یاداشتی لێکتێگەیشتنی ئیسلام ئاباد.