وریشە مورادی زیندانی سیاسی بایکۆتی دادگای کرد
  2026-07-11       183       
وریشە مورادی زیندانی سیاسیی

وریشە مورادی، زیندانی سیاسیی دەستبەسەر لە زیندانی ئەوین، بانگهێشتی دادگای شۆڕشی تاران کرا، بەڵام ناوبراو ئاماژەی بەوەداوە کە دان بەم دادگایەدا نانێت، هەربۆیە ئامادە نەبوو لە دانیشتنی دادگاییکردنەکەدا بەشداری بکات.

 

ئاوێنە: ئەمڕۆ شەممە، گوڵڕوخ ئیرایی هاوڕێی پێشووی زیندانی وریشە مورادی لە پەیامێکدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" نووسیویەتی "وریشە دوای سێ ساڵ زیندانی و پێنج مانگ مانەوە لە ژووری تاکەکەسی، هەروەها دوای ڕاگەیاندنی سزای لەسێدارەدان و پاشان هەڵوەشاندنەوەی ئەو سزایە لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە بەهۆی کەموکوڕی لە لێکۆڵینەوەی دۆسیەکەدا، دووبارە لەلایەن ئەبولقاسم سەڵەواتییەوە بانگهێشتی دادگا کرایەوە".

وریشە رایگەیاندووە، بەهۆی ئەوەی شەرعیەت بە دادگا نادات، ئامادە نییە لە دانیشتنەکەدا ئامادە بێت.

ئەوەش هاتووە "وریشە مورادی لەماوەی زیندانیبوونیدا چەندینجار ڕووبەڕووی سنوردارکردنی جۆراوجۆر بووەتەوە. بۆ ماوەی چەندین مانگ بە فەرمانی دادوەری دۆسیەکە لە پەیوەندی تەلەفۆنی بێبەشکراوە و لە قۆناغێکیشدا ڕێگری لە چاوپێکەوتنی لەگەڵ بنەماڵەکەی کراوە.

لە پۆستی هاوڕێکەی وریشە ئەوەش خراوەتە روو، ناردنی مورادی بۆ نەخۆشخانە، وەرگرتنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان، وەرگرتنی دەرمان و دەستڕاگەیشتنی بە پێداویستییە پزیشکییەکان، هەمیشە لەلایەن بەرپرسانی ئەمنی و دادوەرییەوە ڕووبەڕووی دژایەتی بووەتەوە.
 

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×