140 پێگەی ئێران بۆردومان کران و بنکەکانی ئەمریکاش کرانە ئامانج
  2026-07-12       290       

دوای بڕیاری تاران بۆ داخستنی گەرووی هورمز، گرژییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران گەیشتە لوتکە و پێکدادانی سەربازیی ڕاستەوخۆ ناوچەکەی گرتووەتەوە.

​فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند، لە ماوەی سێ شەوی ڕابردوودا زیاتر لە 300 ئامانجی سەربازییان لە نێو خاکی ئێراندا بۆردومان کردووە، کە تەنها لەم هێرشانەی کۆتاییدا 140 ئامانج کراونەتە ئامانج. بەپێی بەیاننامەکەی ئەمریکا، ئەم ئۆپەراسیۆنانە بە بەکارهێنانی فڕۆکەی جەنگی، درۆن و کەشتی جەنگی ئەنجامدراون و ئامانج لێیان "تێکشکاندنی توانای ئێرانە بۆ هەڕەشەکردن لە هاتوچۆی دەریایی". ئەمریکا جەختی لەوە کردووەتەوە کە لە سەرەتای مانگی ئایارەوە پارێزگارییان لە تێپەڕبوونی زیاتر لە 800 کەشتی بازرگانی کردووە.

​لە بەرامبەردا، سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر "پەلامارەکانی ئەمریکا"، هێرشیان کردووەتە سەر چەندین بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە وڵاتانی ناوچەکە. تاران هێرشەکانی خۆی بەکارهێنانی موشەکی بالیستی بۆ سەر بنکەی ئاسمانیی "ئەمیر حەسەن" لە ئوردن و تێکشکاندنی ناوەندێکی کۆنترۆڵکردنی درۆنەکانی "ئێم کیو-9" ڕاگەیاند. هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە بە درۆن هێرشیان کردووەتە سەر بنکە و دامەزراوەکانی ئەمریکا لە کوێت و بەحرەین و بەندەری دوگم لە عومان.

​لەم پێکدادانەدا، چەند وڵاتێکی کەنداویش کەوتنە بەر هەڕەشە. وەزارەتەکانی بەرگریی ئیمارات، قەتەر و کوێت پشتڕاستیان کردەوە کە سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانییان ڕووبەڕووی ئامانجە ئاسمانییەکان بوونەتەوە کە بەرەو وڵاتەکانیان هاتوون.

​ئەم پەرەسەندنە نوێیە دوای هەڕەشەکانی "موجتەبا خامنەیی" ڕێبەری نوێی ئێران دێت بۆ تۆڵەسەندنەوەی کوژرانی باوکی، هەروەها شکستیهێنانی ئەو ڕێککەوتننەی کە مانگی ڕابردوو بە نێوەندگیریی پاکستان و قەتەر بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز ئەنجامدرابوو. تاران پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە هاتوچۆی کەشتییەکان دەبێت بە هەماهەنگیی ئەو بێت، لە کاتێکدا واشنتن هەر کۆنتڕۆڵێکی تاکلایەنەی ئێران بەسەر گەرووەکەدا ڕەتدەکاتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×