ڕەوشی ئەمنیی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێی ناوەتە قۆناغێکی زۆر مەترسیدار و ئاڵۆزەوە، ئەمەش دوای ئەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران شەپۆلێکی بەرفراوان لە هێرشی درۆنی و موشەکیی ئاراستەی ناوچە جیاوازەکانی ناو خاک و کایەی ئاسمانیی پێنج وڵاتی عەرەبی کرد.
ئاوێنە: بەپێی بەیاننامە فەرمییەکانی وەزارەتەکانی بەرگریی هەر یەک لە (بەحرەین، قەتەر، ئیمارات، کوەیت و ئوردن)، هێزە چەکدارەکانی ئەم پێنج وڵاتە خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشیی ئەوپەڕی (تەواوەتی). لە ڕاگەیەندراوەکاندا هاتووە کە سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی ئەو وڵاتانە سەرکەوتوو بوون لە بەرپەرچدانەوە و تێکشکاندنی دەیان درۆن و موشەکی ئێرانی کە ئاراستەی ئاسمانی ناوچەکە کرابوون.
لە کاردانەوەی ئەو هێرشانەدا، لە شانشینی بەحرەین وەزارەتی ناوخۆ زەنگی ئاگادارکردنەوەی خستە کار و بەپەلە داوای لە دانیشتووان کردووە ڕوو بکەنە پەناگەکان بۆ پاراستنی گیانیان. هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا، هەردوو سوپای کوەیت و قەتەر لە ڕاگەیەندراوەکانیاندا دووپاتیان کردووەتەوە کە توانیویانە لە ئاسماندا تەنە نامۆکان بپێکن و تێکیان بشکێنن، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ پاراستنی سەلامەتیی هاوڵاتیانی مەدەنی و دامەزراوە هەستیار و ستراتیژییەکانیان.
لە بەرامبەردا، سوپای پاسدارانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا بەرپرسیارێتیی خۆی لەو هێرشانە ڕاگەیاند. لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە هێزەکانیان توانیویانە بەسەرکەوتوویی ناوەندی فەرماندەیی و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە بنکەی "ئەمیر حەسەن" لە ناو خاکی ئوردن بەتەواوی تێکبشکێنن.
حکومەتی تاران ئامانجی ئەو هێرشانە بە کاردانەوە و وەڵامێک بۆ بۆردومانەکانی پێشووی واشنتۆن لەقەڵەم دەدات. لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ڕوونیکردووەتەوە کە هێزەکانیان بە وردپێکانێکی زۆرەوە سیستەمەکانی بەرگریی موشەکیی (پاتریۆت) و ڕادارەکانی سوپای ئەمریکایان لە کوەیت و بەحرەین کردووەتە ئامانج. هەروەها جەخت لەوەش دەکەنەوە کە توانیویانە جوڵەی کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا لە گەرووی هورمز پەکبخەن و ناچاریان بکەن بوەستن.
لە کۆتایی بەیاننامەکەیدا، سوپای پاسداران هۆشدارییەکی زۆر توند دەداتە ئەمریکا و ڕاشکاوانە ڕایدەگەیەنێت: "ئەگەر ئەمریکا بەردەوام بێت لە بۆردومانکردن و بەئامانجگرتنی بنکە کەناراوییەکانمان، ئەوا بێگومان وەڵامەکانی داهاتوومان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی واشنتۆن لە ناوچەکەدا زۆر لەوەی ئێستا قورستر و توندتر دەبن".