قەتەر هەڕەشەی وەڵامدانەوەی سەربازیی لە ئێران دەکات و هاتوچۆی دەریایی ڕادەگرێت
  2026-07-12       184       

قەتەر بە توندی نیگەرانی و ناڕەزایەتیی تووندی خۆی بەرامبەر بە دووبارەبوونەوەی پێشێلکاری و هێرشەکانی ئێران بۆ سەر خاکەکەی دەربڕی و جەختی لەوە کردەوە کە بەرامبەر ئەو دەستدرێژییانە بێدەنگ نابێت.

ئاوێنە: ​وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا، وێڕای ئیدانەکردنی ئەو هێرشانە، ڕایگەیاند: "بە پشتبەستن بە یاسا نێودەوڵەتییەکان و پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، قەتەر مافی تەواوی خۆیەتی وەڵامی ئەم دەستدرێژییانە بداتەوە". وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشدا کە دەوحە هەموو ڕێکارێکی پێویست دەگرێتە بەر بۆ پاراستنی ئاسایش، سەروەری و سەلامەتیی خاکەکەی.

​لە بەشێکی تری بەیاننامەکەدا، قەتەر هۆشداری دەدات لە دەرەنجامی ئەو کردە سەربازییانەی کە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە دروست دەکەن، داواشی کرد بە زووترین کات و بە شێوەیەکی یەکجاری سەرجەم ئەو هێرش و جووڵە سەربازییانە ڕابگیرێن کە ئاشتیی ناوچەیی دەخەنە مەترسییەوە.

​لە لایەکی دیکەوە و وەک کاردانەوەیەکی کردەیی بەرامبەر پەرەسەندنە ئەمنییەکان، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی قەتەر بڕیاریدا سەرجەم هاتوچۆ و چالاکییە دەریاییەکان تا ئاگادارییەکی دیکە بە هەڵپەسێردراوی بمێنێتەوە. وەزارەتەکە داوای لە سەرجەم خاوەن کەشتی و هۆکارەکانی گواستنەوەی دەریایی کردووە، بە مەبەستی پاراستنی گیانی خەڵک و کەلوپەلەکان، پابەندی ئەم بڕیارە بن تا کاتێک بارودۆخی ئەمنیی ناوچەکە دەگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×