درەنگانی شەوی ڕابردوو (یەکشەممە)، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زنجیرەیەک هێرشی کردە سەر چەند پێگەیەک و سیستمی سەربازی لە ناوخۆی ئێران؛ لە بەرانبەردا، سوپای پاسدارانی ئێران بە ئامانجگرتنی چەند بنکە و پێگەیەکی سەربازیی ئەمریکای لە ئوردن، بەحرەین و کوێت ڕاگەیاند.
ئاوێنە: لەم پێوەندییەدا، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند کە شەپۆلێکی نوێی "هێرشی هێرشبەریی" وردیان دژی ئێران ئەنجامداوە و تێیدا دەیان پێگەیان لە چەند ناوچەیەکی جیاواز پێکاوە. سێنتکۆم ئاماژەی بەوە کرد کە ئامانجی ئەم هێرشانە "لاوازکردنی تواناکانی ئێرانە" لە بەردەوامبوون لەسەر هێرشەکانی بۆ سەر هێڵەکانی گواستنەوەی دەریایی نێودەوڵەتی لە گەرووی هورمز.
سێنتکۆم ئەوەشی خستەڕوو کە هێزەکانیان لە ڕێگەی فڕۆکەی جەنگی، کەشتیی جەنگی، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و بۆ یەکەمجاریش لە ڕێگەی بەلەمی هێرشبەری بێ سەرنشینی یەک ئاراستەییەوە، سیستمی بەرگریی ئاسمانی، وێستگەکانی ڕاداری کەناراوەکان، توانای موشەکی، درۆن و بەلەمی بچووکی ئێرانیان کردووەتە ئامانج.
هاوکات فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە گەرووی هورمز ڕێڕەوێکی دەریایی حەیاتییە بۆ بازرگانیی جیهانی و لەژێر کۆنترۆڵی ئێراندا نییە. ڕاشیگەیاند کە هێزەکانی ئەمریکا لە ئامادەباشیدان بۆ دەستەبەرکردنی ئازادیی هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان لە بەردەم ئەو ڕەفتارانەی کە بە "دەستدرێژیی بێ پاساو، گێچەڵپێکردن، هەڕەشە و ڕاگەیاندنی سەرەڕۆیانە" وەسفی کردن.
لەلایەکی دیکەوە، میدیا فەرمییەکانی ئێران بڵاویانکردەوە کە هێرشەکانی ئەمریکا ناوچەیەکی بەربڵاویان لە باشوور و ڕۆژئاوای ئێران گرتووەتەوە، لەوانەش دوورگەی قەشم و بەندەر عەباس لە نێزیک گەرووی هورمز، شانبەشانی چەند پێگەیەک لە پارێزگای خوزستان کە هاوسنوورە لەگەڵ عێراق.
لەسەر ئاستی بەرپەرچدانەوەکان، سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند کە چەند بنکە و پێگەیەکی سەربازیی ئەمریکای لە ئوردن، بەحرەین و کوێت کردووەتە ئامانج.
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئێران (ئیرنا) لە زاری سوپای پاسدارانەوە چەند بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە کە هێرشەکانیان بنکەی ئاسمانیی "ئەمیر حەسەن" لە ئوردن، ناوەندی فەرماندەیی درۆنەکانی ئەمریکا لە بەحرەین و چەند بنکەیەکی ئاسمانی دیکەی وەک بنکەی "عەلی ئەلسالم"یان لە کوێت پێکاوە.
ماڵپەڕی "نوور نیوز"ی ئێرانیش ئاشکرای کرد کە هێرشە بەرفراوانەکان لە ڕێگەی درۆن و موشەکەوە لە چەند بنکەیەکی جیاوازی ڕۆژاوا و ناوەڕاستی وڵاتەکەوە بەرەو پێگە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا وەشێندراون.
ماڵپەڕەکە لە زاری بەرپرسێکی سەربازیی ئێرانییەوە گواستیەوە کە هێرشە موشەکی و درۆنییەکان ئەو پێگانەیان کردووەتە ئامانج کە دوای چاودێریکردنی جووڵەکانی "دوژمن" لە ٤٨ کاتژمێری ڕابردوودا دەستنیشان کرابوون. ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەش کرد کە بەهۆی کتوپڕیی هێرشەکان بۆ سەر ئەو پێگە نوێیانە، بێگومان زیانە گیانییەکانی ڕیزەکانی دوژمن زۆر دەبن.
لە کوێت، سوپای ئەو وڵاتە ڕایگەیاند کە هێزە چەکدارەکانیان بەرپەرچی چەند ئامانجێکی ئاسمانیی دوژمنکارانەیان لەناو کایەی ئاسمانیی کوێتدا داوەتەوە. سەرۆکایەتی ئەرکانی گشتیی سوپای کوێت ئاماژەی بەوە کرد کە دەنگی تەقینەوەکان نیشانەی تێکشکاندنی هێرشەکانە لەلایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانییەوە، و داوای لە هاووڵاتیان کرد پابەندی ڕێنماییە ئەمنییەکانی لایەنە پەیوەندیدارەکان بن.
سەبارەت بە دۆخی ئوردن، سەرچاوەیەکی سەربازیی بەرپرس لە فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئوردن بە ئاژانسی دەنگوباسی (پەترا)ی ڕایگەیاند کە سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی، بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە، ٤ موشەکیان تێکشکاندووە کە لە خاکەکانی ئێرانەوە هاتبوونە ناو کایەی ئاسمانیی وڵاتەکە.
سەرچاوەکە ڕوونی کردەوە کە پڕۆسەی بەرپەرچدانەوەکە بە کارامەییەکی بەرز و لە چوارچێوەی ڕێکارە عملیاتییەکان بۆ پاراستنی سەروەریی شانشینی ئوردن و سەلامەتیی هاووڵاتیان ئەنجامدراوە، جەختیشی کردەوە کە هیچ زیانێکی گیانی یان ماددی لێنەکەوتووەتەوە. وتیشی، تیمەکانی ئەندازیاریی شاهانە بەپێی ڕێکارە تەکنیکی و ئەمنییەکان مامەڵەیان لەگەڵ پاشماوەی موشەکەکاندا کردووە کە لە چەند شوێنێک کەوتبوونە خوارەوە.
ئەم سەرچاوەیە جەختی لەوەش کردەوە کە هێزە چەکدارەکانی ئوردن لە بەرزترین ئاستی ئامادەباشیدان و چاودێریی گەشەسەندنەکان دەکەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر هەڕەشەیەک کە ئاسایشی وڵات یان کایە ئاسمانییەکەی بکاتە ئامانج، ڕاشیگەیاند کە هەر هەوڵێک بۆ بەزاندنی سەروەریی وڵات بە توندی و بەپێی یاساکانی ڕووبەڕووبوونەوە وەڵام دەدرێتەوە.
لە بەحرەین، وەزارەتی ناوخۆ بەیانی ڕۆژی دووشەممە زەنگی ئاگادارکردنەوەی لێدا و داوای لە هاووڵاتیان و نیشتەجێبووان کرد هێمن بن و ڕوو لە نێزیکترین شوێنی ئارام بکەن و لە ڕێگەی کەناڵە فەرمییەکانەوە بەدواداچوون بۆ هەواڵەکان بکەن.
ئەم ئاڵۆزییە نوێیە، نوێترین زنجیرەی ڕووبەڕووبوونەوەکانی نێوان واشنتن و تارانە، کە هەڕەشە لەو یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنە دەکات کە لە ١٧ی حوزەیراندا لە نێوان هەردوولادا بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگە واژۆ کرابوو کە لە ٢٨ی شوباتدا هەڵگیرسا.
هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی مامەڵەکانی ڕۆژی دووشەممە لە بۆرسەی تۆکیۆ، نرخی نەوت کە دوای ڕاگەیاندنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەکە بە توندی دابەزیبوو، بە ڕێژەی زیاتر لە ٣.٥٪ بەرزبووەوە، بە شێوەیەک نرخی نەوتی خاوی ڕۆژئاوای تەکساس (WTI) لێدانێکی گەورەی بەخۆیەوە بینی و ٧٤ دۆلاری بۆ هەر بەرمیلێک تێپەڕاند.