دادگای باڵای هەرێمی لە شاری میونشنی ئەڵمانیا، پڕۆسەی دادگاییکردنی هاوسەرێکی عێراقی سەر بە ڕێکخراوی داعشی دەستپێکردووە، کە تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی توندوتیژی و پێشێلکاریی قورس بەرامبەر بە دوو منداڵی ئێزدی.
ئاوێنە: بەپێی ئەو زانیارییانەی لە میدیاکانی ئەڵمانیاوە بڵاوکراونەتەوە، داواکاری گشتیی ئەو وڵاتە چەندین تۆمەتی قورسی ئاڕاستەی ئەم هاوسەرە عێراقییە کردووە، لەوانە: ئەنجامدانی تاوانی جەنگ، کۆمەڵکوژی (جینۆساید) و دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر منداڵان.
لە زانیارییەکاندا هاتووە کە ئەم هاوسەرە لە نێوان ساڵانی ٢٠١٥ بۆ ٢٠١٧ـدا، دوو کچی ئێزدییان لە عێراق کڕیوە کە ئەوکات تەمەنیان تەنها (٥ و ١٢) ساڵ بووە. لەو ماوەیەی کە لەلایەن ئەم هاوسەرەوە دەستبەسەرکراون، ناچاریان کردوون بە ئەنجامدانی کاری تاقەتپڕوکێن و بە شێوەیەکی بەردەوام ڕووبەڕووی ئەشکەنجە و پێشێلکاریی جەستەیی و دەروونیی جۆراوجۆر بوونەتەوە.
بەپێی هەمان سەرچاوە، ئەو هاوسەرە دوای چەندین ساڵ لە چەوساندنەوە و هێشتنەوەی کچەکان لەژێر دەسەڵاتی خۆیاندا، لە کۆتاییدا دووبارە ڕادەستی چەتەکانی داعشیان کردوونەتەوە.
هاوکات، نوێنەری داواکاری گشتیی ئەڵمانیا لە میانی دانیشتنەکانی دادگادا ڕایگەیاند کە ئەو توندوتیژییە دڕندانەیەی بەرامبەر بەو دوو منداڵە ئەنجامدراوە، بەدەر بووە لە هەر هەست و بەزەییەکی مرۆیی. ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەم تاوانانە ڕاستەوخۆ لە پێناو خزمەتکردنی ستراتیژیی گشتیی ڕێکخراوی داعشدا بووە، کە ئامانجی لەناوبردنی یەکجاریی پێکهاتەی ئێزدییەکان بووە.