حکومەتی تورکیا بە فەرمی دوایین هیوای یاسایی لەدەستدا بۆ ڕزگاربوون لەو غەرامە نێودەوڵەتییەی کە بەهۆی دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە بەسەریدا سەپێندرابوو. دادگای تێهەڵچوونەوەی پاریس تانەکەی ئەنقەرەی ڕەتکردەوە و بڕیاری کۆتایی دا کە دەبێت تورکیا بڕی نزیکەی ملیارێک و نیو دۆلار وەک قەرەبوو بداتە حکومەتی عێراق.
ئاوێنە: لە کاتی ئاشکراکردنی ئەم پێشهاتە گرنگەدا، دەنیز یۆڤوز یەڵماز، پەرلەمانتاری پارتی گەلی کۆماری (CHP) کە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی تورکیایە، کۆمەڵێک بەڵگەنامەی فەرمی لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "X" بڵاوکردەوە. یەڵماز ڕایگەیاند کە ئەنقەرە کەیسێکی یاسایی یەکلاکەرەوە و گرنگی نێودەوڵەتی دۆڕاندووە کە تایبەت بووە بە هێڵی بۆری نەوتی خاوی عێراق-تورکیا.
ئەو پەرلەمانتارەی ئۆپۆزسیۆن ئاماژەی بەوە کرد کە سەرجەم هەوڵە یاسایی و دیپلۆماسییەکانی حکومەتی ئاکەپە (پارتی داد و گەشەپێدان) بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری پێشووی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی بێئەنجام بوون. بەپێی بڕیارە نوێیەکەی دادگای پاریس، ئێستا پێویستە تورکیا بڕی (ملیارێک و ٤٧١ ملیۆن دۆلار) بە فەرمی وەک غەرامە ڕادەستی عێراق بکات.
دەنیز یۆڤوز یەڵماز لە پەیامەکەیدا بە توندی هێرشی کردە سەر سیاسەتەکانی دەسەڵاتی وڵاتەکەی و ڕایگەیاند: "ئەم زیانە داراییە زەبەلاحە کە بەسەر وڵاتدا هاتووە، دەرەنجامی ڕاستەوخۆی بڕیارە نادروست و نایاساییەکانی حکومەتی ئاکەپەیە." ناوبراو داوایەکی توندی ئاڕاستەی ناوەندە پێوەندیدارەکان کرد و جەختی لەوە کردەوە کە نابێت ئەم پارەیە لە بودجەی گشتی و لە گیرفانی هاووڵاتیانی تورکیا بدرێت، بەڵکو پێویستە بڕی پێبژاردنەکە لە سامانی تایبەتی ڕەجەب تەیب ئەردۆگان (سەرۆک کۆمار) و ئەو بەرپرسە باڵایانەی ئاکەپە وەربگیرێت کە تێوەگلاون لەو دۆسیەیەدا.
ڕەگ و ڕیشەی ئەم کێشە یاساییە ئاڵۆزە بۆ ساڵانی نێوان ٢٠١٤ تا ٢٠١٨ دەگەڕێتەوە. لەو ماوەیەدا، دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس لێکۆڵینەوەی لە تانەکەی عێراق کرد و دەرکەوت کە تورکیا بەبێ ڕەزامەندی و مۆڵەتی فەرمی حکومەتی ناوەندی بەغدا، نەوتی هەرێمی کوردستانی گواستووەتەوە و لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە باری کردووە. جگە لەوەش، تورکیا نەوتەکەی بە نرخێکی زۆر کەمتر لە نرخی فەرمی بازاڕی عێراق فرۆشتووە، ئەمەش هۆکاری سەرەکی بوو کە دادگاکە بڕیاری سزادانی دارایی ئەنقەرە بدات و لە ئێستاشدا بڕیارەکە بووە بە کۆتایی و جێبەجێکراو.