گوڵستان کلچ کۆچیگیت، جێگری هاوسەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی، ڕایگەیاند؛ لەم هەفتەیەدا شاندی ئیمراڵیی پارتەکەیان درێژە بە دیدارەکانیان دەدەن سەبارەت بە پڕۆژەیاسای چوارچێوە و چاوەڕێشن پڕۆژەیاساکە پێشکەش بە شاندی ئیمراڵی بکرێت.
ئاوێنه: گوڵستان کلچ کۆچیگیت، جێگری هاوسەرۆکی فراکسیۆنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) سەبارەت بە پێشهاتەکانی دوایی لە پەرلەمانی تورکیا کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی سازکرد.
گوڵستان کلچ کۆچیگیت سەرنجی خستەسەر لوتکەی ناتۆ و ڕەخنەی لە تێچوەکان گرت و وتی "بەهۆی لوتکەی ناتۆوە وڵاتیان کردە زیندانێکی کراوە. بۆ ناتۆ بڕی چوار ملیار لیرەیان خەرج کردوە، کەواتە بۆ ئەمانە کێشەی بودجە نییە، پرسیار ئەوەیە ئەوە بە چی خەرج کراوە؟ بە پارەی ئێمە. هەژاریی گەلیشیان بە بەربەستەکانی ناتۆ شاردەوە، بەڵام ئەو بەربەستانە ناتوانن ڕاستییەکان بشارنەوە. پێویستە ئەو سەرچاوانە بۆ گەل تەرخان بکرێن. ئێمە بۆ گۆڕینی ئەم دۆخە تێدەکۆشین و تێکۆشانەکەشمان بەردەوام دەبێت."
جێگری هاوسەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی ئاماژەی بەوە کرد کە ساڵیادی بێدەنگکردنی چەکەکان قۆناغێکی نوێیە بۆ وڵات و ڕایگەیاند: "بۆیە 11ی تەمموز تەنها مێژویەک نییە، بەڵکو لە هەمان کاتدا بەهێزکردنی هیوای ئاشتییە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، لە ماوەی ساڵێکدا هەنگاوی پێویست نەنران. ڕاپۆرتی کۆمیسیۆنی پەرلەمان نەخشەڕێگایەک بو، بەڵام هێشتا ئەو پێشنیازانە جێبەجێ نەکراون؛ ئایا چاوەڕێی چین؟"
کۆچییگیت داواکارییەکانی پارتەکەی بەم شێوەیە خستە ڕو: "پێویستە دەستبەجێ ئەو پێشنیازانە بکرێنە یاسا و ئەکتەرەکانی پرۆسەکە بپارێزرێن. نابێت یاساکە جیاکاری تێدا بێت، بەڵکو دەبێت سەرجەم ئەندامانی ڕێکخستن بگرێتەوە. زیندانیانی سیاسی ئازاد بکرێن. پێگەی بەڕێز ئۆجهلان و هەلومەرجی کارکردنی بە یاسا مسۆگەر بکرێت. پێویستە یاسایەکی دیموکراتییانە بێتە ئاراوە و زمان و ناسنامەی کورد بە یاسا دەستەبەر بکرێت، ئەمەش بۆ ئاشتییەکی هەمیشەیی پێداویستییەکی بنەڕەتییە."
هەروەها وتیشی: "ئەمە تەنها داواکاریی پارتەکەمان و گەلی کورد نییە، بەڵکو چاوەڕوانیی کۆمەڵگەیە. پێویستە پێش ئەوەی پەرلەمان بچێتە پشوەوە، یاساکە دەربکرێت. لێرەوە بانگەواز ئاراستەی سەرجەم پارتە سیاسییەکان دەکەین: وەرن با پێکەوە ئەم بەرپرسیارێتییە جێبەجێ بکەین و پێش پشوی پەرلەمان، پێکەوە چوارچێوەی یاسایەک دابڕێژین. کاتی دواخستن نییە، کاتی هەنگاونانە. پێویستە سەرۆکی پەرلەمانیش بەرپرسیارێتی بگرێتە ئەستۆ، سەرجەم پارتە سیاسییەکان کۆبکاتەوە و سازانێک دروست بکات."
لە کۆتاییدا و لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنوساندا، گوڵستان کلچ کۆچیگیت ڕایگەیاند کە شاندەکەیان لەم هەفتەیەدا سەبارەت بە پڕۆژەیاسای چوارچێوە درێژە بە دیدارەکانیان دەدەن و وتی: "دیدارەکان تایبەت دەبن بە پڕۆژەیاساکە و بڕیارە پڕۆژەیاساکە پێشکەش بە شاندەکەمان بکرێت."