فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سەنتکام)، ئەمرۆ سێشەممە، بە فەرمی ڕایگەیاند کە هێزەکانیان قۆناغێکی نوێی هێرشە ئاسمانییەکانیان بۆ سەر ناوەند و بنکە سەربازییەکانی ئێران بە سەرکەوتوویی کۆتایی پێهێناوە.
ئاوێنە: بەگوێرەی لێدوانی بەرپرسانی سەنتکام، ئەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییە ماوەی پێنج کاتژمێری خایاندووە. تێیدا هێزەکانی ئەمریکا توانیویانە بە وردی و «بە سەرکەوتوویی» چەندین پێگەی گرنگی سەربازی لە سەرتاسەری ئێراندا بکەنە ئامانج؛ لەوانەش بنکەکانی ناوچەکانی بوشەهر، چابەهار، جاسک، کۆنارەک، ئەبووموسا و بەندەرعەباس. ئامانجی سەرەکیی ئەم هێرشانەش بریتی بووە لە "کەمکردنەوەی زیاتری تواناکانی ئێران بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە ناوچەکەدا".
سەنتکام لە بەشێکی تری بەیاننامەکەیدا ئاشکرای کردووە کە لەم هێرشانەدا «چەکی پێشکەوتووی زیرەک و ئاڕاستەکراو» بەکارهێنراون بۆ لێدانی سیستەمەکانی بەرگریی کەناراوەکان، بنکەکانی موشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن)، شانبەشانی تواناکانی هێزی دەریایی ئێران. هاوکات فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا هۆشداریی داوە کە لە ئێستادا «زیاتر لە پەنجا هەزار» سەربازی ئەمریکی لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە حاڵەتی ئامادەباشیدا جێگیرکراون.