تڕەمپ هەڕەشەی وەشاندنی گورزی کەمەرشکێن لە قوڵایی چیاکانی ئێران دەکات: "٢٥٪ی ڕژێمەکەمان سڕیوەتەوە"
  2026-07-14     

دۆناڵد تڕەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە نوێترین لێدوانیدا هەڕەشەی توند ئاراستەی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکات و ئاماژە بەوە دەدات کە هێزەکانیان لە ئامادەباشیدان بۆ وەشاندنی گورزێکی سەربازی لە پێگەیەکی ئەتۆمیی زۆر هەستیاری ئەو وڵاتە.

​تڕەمپ بە ئاماژەدان بە تواناکانی ئەمریکا بۆ چاودێریکردنی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران ڕایگەیاند: "ئەوان لە دۆخێکی باشدا نین. هەر کاتێک ببیستین و زانیاریمان پێبگات کە چالاکییەکی نوێ لە ئارا دایە، دەیتەقێنینەوە؛ هەر بۆیە خۆشیان حەز ناکەن باسی بکەن." سەرۆکی ئەمریکا جەختیشی کردەوە: "بەڵام پێدەچێت لە کاتێکی تاڕادەیەک نزیکدا، گورزێکی کوشندە لە پێگەی بیکاكس بدەین."

بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی دەنگوباسی "ڕۆیتەرز"، پێگەی ئەتۆمیی چیای "بیکاکس" کە تڕەمپ هەڕەشەی لێدانی دەکات، دەکەوێتە نزیک دامەزراوەی ئەتۆمیی نەتەنز بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم ــ کە پێشتر زیانێکی زۆری بەرکەوتووە ــ. ئەم پێگەیەی چیای بیکاکس بەوە ناسراوە کە شوێنێکی ئێجگار بەهێزکراوە و پارێزراوە، کە دوو کۆمەڵە تونێلی گەورە لە قوڵاییەکی زۆری ژێر زەویدا لەخۆدەگرێت، ئەمەش وا دەکات پارێزگاریی لەو چالاکییە ئەتۆمییانە بکات کە لەوێدا بەڕێوەدەچن.

​تڕەمپ لە درێژەی قسەکانیدا هێرشی توندی کردە سەر پێگەی سەربازیی ئێران و ڕایگەیاند: "ئێران نە هێزی ئامادەی ئاسمانی هەیە، نە دەریایی و نە هیچ شتێکی دیکەی ئەوتۆ کە بتوانێت ڕووبەڕوومان ببێتەوە." زانیاری زیاتریشی ئاشکرا کرد و وتی: "ئێمە لە ئێستاوە هێڵی یەکەم و دووەمی سەرکردایەتیی ئەوانمان لەناو بردووە و نزیکەی ٢٥٪ی تەواوی ڕژێمی ئێرانمان سڕیوەتەوە."

ئەم لێدوانە توندانەی سەرۆکی ئەمریکا لە کاتێکدا دێن کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران گەیشتوونەتە لوتکە و هەردوولا چەندین هێرشی موشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان گۆڕیوەتەوە.

​لە درێژەی ئەم ئاڵۆزییانەشدا، دۆناڵد تڕەمپ دوێنێ دووشەممە ڕایگەیاندبوو کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دووبارە گەمارۆی دەریایی توند بەسەر ئێراندا دەسەپێنێتەوە. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردبوو کە ئەمریکا گەرەنتیی کراوەهێشتنەوەی گەرووی ستراتیژیی هورمز دەکات، بەڵام ئەم کارە لە بەرامبەر وەرگرتنی باجی داراییدا دەبێت.

زۆرترین بینراو
دوای پێدانی ٥٥ هەزار دۆلار بۆ گەیشتن بە ئەورووپا؛ خێزانێکی سلێمانی لە دەریادا تووشی کارەسات بوون و سێ منداڵیان لەدەستدا
بانكی ناوه‌ندیی عێراق بڕی پێدانی دۆلاری بۆ گه‌شتیاران به‌ نرخی ره‌سمی دیاریكرد
بڕیاری دادگای تاوانەکانی سلێمانی: ​لاهور شێخ جەنگی 5 ساڵ‌و ​پۆڵاد شێخ جەنگی 3 ساڵ‌و ​ڕێبوار حامی حاجی غالی 2 ساڵ زیندانیکردن
پارتی به‌ڕه‌سمی کاندیدەکانی بۆ پۆستی جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری ئاوەدانکردنەوەی عێراق راگەیاند
لاهور شێخ جه‌نگی: سه‌ربه‌رزم و ملكه‌چی هیچ ئیراده‌یه‌ك نه‌بوم
نه‌تانیاهو: ته‌له‌فۆنێكی زۆر توندم له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د شه‌رع ئه‌نجامداو كۆمه‌ڵكوژیی دروزه‌كان راگیرا
بەسێ هۆزات: ئەگەر پێوەری یاسای لێبوردن تەقەنەکردن بێت، دەبێت ئۆجەلان یەکەم کەس بێت ئازاد بکرێت
عولەما کوردەکان و قوتابی و موریدە ئیندۆنیسییەکانیان
سی ئێن ئێن: پێنتاگۆن تاوتوێی بەکارهێنانی "دایکی بۆمبەکان" دەکات بۆ لێدانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران
کۆتایی بە سیمکارتی بێسەرەوبەرە دێت؛ مەرجی نوێ بۆ کڕین و تۆمارکردنی سیمکارت لە عێراق دادەنرێت
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×