بەغدا ئامادەکاریی دەکات بۆ قۆناغی دوای هاوپەیمانان؛ ڕێککەوتنی نوێی پڕچەککردن و ڕاهێنان لەگەڵ ئەمریکا واژۆ دەکرێت
  2026-07-14       188       

حکومەتی عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەنگاوە فەرمییەکانیان بۆ داڕشتنی نەخشەڕێگەیەکی نوێی سەربازی دەستپێکردووە، کە ئامانج لێی ڕێکخستنەوەی پەیوەندییە ئەمنییەکانی نێوانیانە بۆ قۆناغی دوای کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی. لەم چوارچێوەیەشدا، هەردوولا کار بۆ واژۆکردنی چەندین ڕێککەوتنی نوێ دەکەن کە تایبەتن بە پڕچەککردن، ڕاهێنان و بەهێزکردنی توانای هێزە ئەمنییە ناوخۆییەکانی عێراق.

ئاوێنە: ​لە نوێترین پێشهاتدا، سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ میدیاکانی عێراق لە واشنتۆنەوە، ڕایگەیاند: "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هاوبەشێکی سەرەکی، ستراتیژی و گرنگی کۆماری عێراقە لە پرۆسەی بەرەنگاربوونەوە و شەڕی دژ بە تیرۆردا." ئاماژەی بەوەشدا کە لە قۆناغی داهاتوودا، هەماهەنگی و هاوکارییە سەربازی و ئەمنییەکانی نێوان بەغدا و واشنتۆن بە شێوازێکی بەهێزتر و کاریگەرتر بەردەوامییان دەبێت.

​نوعمان ئاشکرایکرد، لە ئێستادا ئاڕاستەیەکی ڕوون هەیە بۆ دامەزراندنی چوارچێوەیەکی نوێی هاوبەشیی دوقۆڵی لە نێوان عێراق و ئەمریکادا، بە مەبەستی تەواوکردنی تەواوی مەلەفە ئەمنییە هاوبەشەکان بە شێوازێک کە هاوسەنگی بپارێزێت و لە بەرژەوەندی باڵای هەردوو وڵاتدا بێت.

​سەبارەت بە چارەنووسی هێزەکانی هاوپەیمانان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان ڕوونکردنەوەی دا و وتی: "ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق لە ٣٠ی ئەیلولی ئەمساڵدا بە فەرمی کۆتایی دێت." بەڵام جەختی لەوەش کردەوە کە کۆتاییهاتنی ئەم ئەرکە بە واتای پچڕانی پەیوەندییەکان نییە، بەڵکو عێراق پێویستی بە بەردەوامبوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ واشنتۆن هەیە لە ڕێگەی داڕشتنی چوارچێوەیەکی نوێی هاوکاری هاوبەشەوە.

​پێوەست بە سەردانەکەی شاندی عێراقی بۆ واشنتۆن، نوعمان ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم سەردانە واژۆکردنی کۆمەڵێک ڕێککەوتنی گرنگ و ستراتیژی لەخۆدەگرێت کە تایبەتن بە پڕچەککردنی هێزە عێراقییەکان، شانبەشانی پرسەکانی ڕاهێنانی سەربازی، گەشەپێدان و بەرزکردنەوەی ئاستی تواناکانی دامەزراوە ئەمنییە جیاوازەکان.

​لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، سەباح نوعمان تیشکی خستەسەر هەوڵە ناوخۆییەکانی حکومەتی عێراق و جەختی کردەوە کە بەغدا لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانیدا بۆ سەپاندنی سەروەری یاسا، چەسپاندنی ئاسایش و دابینکردنی سەقامگیری، قۆناغێکی زۆر گەورە، گرنگ و سەرکەوتووی بڕیوە لە مەلەفی کۆنترۆڵکردنی چەک و قەتیسکردنی تەنها لە دەستی دەوڵەت و دامەزراوە فەرمییەکاندا.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×