دوابەدوای بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"ی ئەمریکی سەبارەت بە بارودۆخی مەحموود ئەحمەدی نەژاد، سەرۆک کۆماری پێشوووتری ئێران، نووسینگەی فەرمی ناوبراو لە ڕاگەیەنراوێکدا سەرجەم زانیارییەکانی ناو ڕاپۆرتەکەی بە توندی ڕەتکردەوە و بە "سیناریۆیەکی هۆڵیوودی" وەسف کرد.
ئاوێنە: نووسینگەی ئەحمەدی نەژاد لە کاردانەوەکەیدا، ڕاپۆرتی ئەو ڕۆژنامە ئەمریکییەی بە "بانگەشەیەکی بێ بنەما" ناوبردووە و ڕەخنەی توندی ئاراستەی سیاسەتی میدیایی "نیویۆرک تایمز" کردووە؛ تێیدا هاتووە کە ئەو دەزگا میدیاییە "لە بەرامبەر وەرگرتنی پارەدا، ئامادەیە وتار و هەواڵی ساختە لە کەرەستە و سەرچاوەی ناڕاست و لەکەدارەوە بڵاو بکاتەوە."
هەر لەو ڕاگەیەنراوەدا ئاماژە بەوە کراوە کە سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران "لە پێناو ڕەچاوکردنی بارودۆخی سیاسی و هەستیاریی ناوچەکە و وڵات، هەروەها بۆ پووچەڵکردنەوەی پیلانی نەیاران"، سەرجەم ئەو دەنگۆ و ئیدیعایانەی ڕۆژنامە ئەمریکییەکە و ئەو لایەنانەی لە پشت بڵاوکردنەوەیەوە وەستاون، بە ناڕاست دادەنێت.
ئەم گرژییە میدیاییە دوای ئەوە دێت کە ڕۆژی دووشەممە، ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" لە ڕاپۆرتێکدا ئیدیعای کردبوو کە دەزگا هەواڵگری و سیخوڕییەکانی ئیسرائیل پەیوەندییان بە مەحموود ئەحمەدی نەژادەوە کردووە. بەپێی گێڕانەوەی ڕۆژنامەکە، لە دوای شەپۆلی یەکەمی هێرشەکان بۆ سەر تاران، سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران لەلایەن بریکارەکانی سەر بە ئیسرائیلەوە لە تارانەوە گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی ئارام و پارێزراو، و ئێستاش بەهۆی ئەو گومانانەوە لە ماڵەکەی خۆیدا لەژێر چاودێری و دەستبەسەریدایە.