سبەینێ دوایین گرووپی ئاوارەکانی عەفرین دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان
  2026-07-15       102       

سبەی پێنجشەممە، پرۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەکانی عەفرین پێ دەنێتە قۆناغی کۆتایی خۆی؛ بە شێوەیەک کە نۆیەمین و دواین کاروانی ئەو ئاوارانەی ئێستا لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی جەزیرە نیشتەجێن، بەرەو سەر ماڵ و حاڵی خۆیان لە شاری عەفرین و دەوروبەری بەڕێدەکەون.

ئاوێنە: ئامادەکارییەکان لە شارەکانی حەسەکە، قامیشلۆ و شوێنەکانی دیکەی هەرێمی جەزیرە تەواو کراون بۆ ئەوەی سبەی ئەم کاروانە کە دواین گرووپی ئاوارەکانە، بەرەو ناوچەکانی خۆیان بەڕێبکەون.

ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنە دێت کە لە ٢٩ـی کانونی دووەمی ڕابردوودا، لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (قەسەدە) و حکومەتی کاتیی سووریادا واژۆ کرابوو بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکان.

شایەنی باسە، پێشتر و لە ١٠ـی حوزەیرانی ڕابردوودا، گرووپی هەشتەمی ئاوارەکان کە لە نزیکەی ١,٧٠٠ کەس پێکهاتبوون، شارەکانی قامیشلۆ، گرکێ لگێ و دێركیان بەرەو زێدی خۆیان لە عەفرین جێهێشتبوو.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×