وەزارەتی کارەبا سیستمی ئۆتۆماتیکی بڕینی کارەبا لە پرۆژەی ڕوناكی کارا دەکات؛ مۆڵەتی پێدانی کرێی مانگانە کەمدەکاتەوە بۆ ٥٠ ڕۆژ
  2026-07-15       187       

وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی هەنگاوەکانیدا بۆ ڕێکخستنەوەی داهات، سیستمێکی نوێی دیجیتاڵی بۆ کۆکردنەوەی کرێی کارەبای هاوبەشانی "پڕۆژەی ڕووناکی" ڕادەگەیەنێت. سیستمە نوێیەکە ڕێکاری توند بەرامبەر ئەو هاوبەشانە دەگرێتەبەر کە لە کاتی خۆیدا پابەندی لێدانی کرێی مانگانە نین و هۆشداری دەدات کە لە ئەگەری دواکەوتنی پارەکەدا، کارەباکەیان بە شێوەی ئۆتۆماتیکی دەبڕدرێت.

ئاوێنە: ​بەگوێرەی ڕاگەیەنراوی فەرمی وەزارەتی کارەبا، هاوبەشانی پڕۆژەی ڕووناکی لە پاش دەرچوونی پسووڵەی مانگانەیان، تەنیا ٥٠ ڕۆژیان لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی کرێی بەکارهێنانی کارەباکەیان بدەن. ئەگەر لە ماوەی ئەو ٥٠ ڕۆژەدا پارەکە خەرج نەکرێت، سیستمەکە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ئۆتۆماتیکی خزمەتگوزاریی کارەبای ئەو هاوبەشە دەبڕێت. وەزارەت ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەم بڕیارە لە ئێستادا تەنیا کرێی مانگانەی نوێی پڕۆژەی ڕووناکی دەگرێتەوە.

​سەبارەت بە چارەنووسی قەرزە کۆنەکانی سەر هاوبەشان، وەزارەتی کارەبا ڕوونکردنەوەی داوە کە ئەم مۆڵەتە دیاریکراوە قەرزە کۆنەکان ناگرێتەوە و بڕیاری بڕینی کارەباکە تەنیا بۆ کرێی نوێی مانگانەیە. هاوکات ئاشکرای کردووە کە لە داهاتوویەکی نزیکدا ڕێکار و ڕێنمایی تایبەت بۆ چۆنیەتی گەڕاندنەوەی ئەو قەرزە کۆنانە ڕادەگەیەنرێت.

​بۆ ئەوەی هاوبەشان لە کات و وادەی بڕینی کارەباکانیان ئاگادار بن، وەزارەتی کارەبا لە ڕێگەی کورتەنامەی مۆبایلەوە (SMS) و لە چوار قۆناغی جیاوازدا پەیامی ئاگادارکردنەوەیان بۆ ڕەوانە دەکات. ئەگەر هاوبەشەکە پاش وەرگرتنی ئەو چوار ئاگادارکردنەوەیە هەر بەردەوام بێت لە نەدانی پارەکە، سیستمەکە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی کارەباکەی دەبڕێت و چیتر پێویست بەوە ناکات فەرمانبەری وەزارەت بۆ بڕینی هێڵەکە بچێتە شوێنی مەبەست.

​لەکاتی بڕینی کارەبادا، هاوبەشان دەتوانن لە ڕێگەی پسووڵەکانیانەوە پارەکە بدەن؛ لەو حاڵەتەدا لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا هێڵی کارەباکەیان بۆ دەگەڕێتەوە. بەڵام وەزارەت هۆشداری توند دەدات کە ئەگەر هاوبەشەکە بۆ پێدانی پارەکە سەردانی بەشی فرۆشتنی وزە بکات، ڕەنگە پرۆسەی گەڕاندنەوەی کارەباکەی کاتێکی زۆرتر بخایەنێت و کارەکەی دوابکەوێت.

​ئەم بڕیارە نوێیەی وەزارەت لە کاتێکدایە، لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا پرۆسەی بڕینی کارەبای هاوبەشانی پڕۆژەی ڕووناکی لە پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و دەڤەری ڕاپەڕین هاوشێوەی پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بەردەوامی هەبووە و بەهۆی نەدانی کرێی مانگانەوە کارەبای چەندین هاوبەش بڕدراوە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×