بەپێنج درۆن ھێرش کرایە سەر ناوچەیەک لە تاسڵوجە لەسنووری پارێزگای سلێمانی و ئاگرێکی گەورەی لێکەوتەوە.
ئاوێنە: بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان ئەو شوێنەی ھێرشی کراوەتە سەر کۆگای تەقەمەنی سەربازیی بووەو لە ترسی تەقینەوە و بۆردومانی درۆن ھاوڵاتیانی تاسڵوجە ماڵەکانیان چۆڵ کردوەو روویان کردوەتە شاری سلێمانی.
ھەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی بەناوی پارێزگای سلێمانییەوە؛ بەتووندی سەرکۆنەی ھێرشەکان بۆسەر شاری سلێمانی و کوردستان کرد.
راشیگەیاند "ھەرێمی کوردستانو حکومەتی خۆجێیی سلێمانیش، بەشێک نین لەم جەنگەی بەرۆکی ناوچەکەی گرتووە".
پارێزگاری سلێمانی داوای لەھاووڵاتیان کرد "لە شوێنی بۆردوومانەکان نزیک نەبنەوە".
سامان نادر، بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی سلێمانییش دەڵێت "بەهۆی هێرشەکانی ئەمشەوی سەر تاسڵوجە، ژمارەیەک هاووڵاتی بریندار بوون و ئێستا سەرقاڵی گواستنەوەی بریندارەکانین بۆ نەخۆشخانە".
ئاژانسی هەواڵی فارسی ئێران دیمەنی هێرشە درۆنییەكەی سەر تاسڵوجەی سلێمانی بڵاوكردووەتەوەو دەڵێت: ئاگرێكی گەورە لە كۆگای بارەگاكانی گرووپە جوداخوازەكان لە هەولێر و سلێمانی كەوتووتەوە.