ئاکسیۆس ئاماژە بەوە دەکات سەرۆکی ئەمریکا بیر لەپلانێکی فراوانتر بۆ هێرشەکان دەکاتەوە، کە تەنیا لەچوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکانی دەوروبەری گەرووی هورمزدا سنوردار نەبێتو دەیان فڕۆکە دەنێرێت بۆ ئیسرائیل..
ئاوێنە: ئاکسیۆس لەزاری بەرپرسانی ئەمریکی و ئیسرائیلەوە هەواڵی ئەوەی بڵاوکردەوە کە ئەو هێرشە بەرفراوانە بۆ سەر ئێران کە دۆناڵد ترەمپ ئامادەکاری بۆ دەکات، دوای کۆبوونەوەکەی ڕۆژی سێشەممە لە ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی کۆشکی سپی بڕیاری لەسەر دراوە.
لە نێو ئەو بژاردانەی لەپلاندان، لێدان لە ژێرخانی وزەی ئێران، هێرشی نوێ بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان بەئامانجی لاوازکردنی زیاتری بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.
هەرچەندە دۆناڵد ترەمپ تا ئێستا بڕیاری کۆتایی خۆی نەداوە، بەڵام سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە پێدەچێت ئەو بڕیارە لەسەر زیادکردنی گوشارەکان لەسەر تاران، هەوڵی ئەوە دەدات کە تاران بەرەو دانوستان لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ببات و بۆ دابینکردنی کەشتیوانی ئازاد لە گەرووی هورمزدا.
لە هەمان کاتدا هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا بۆ پێنجەمین ڕۆژی لەسەریەک هێرشیان کردە سەر ئامانجە ئێرانییەکان لە گەرووی هورمز و لە کەناراوەکانی باشووری ئێران.
بە وتەی بەرپرسێکی ئەمریکی، لانیکەم حەوت پرد لە ناوچەی بەندەر عەباس کە بە ناوەندێکی سەرەکی ئۆپەراسیۆنی سوپای پاسداران دادەنرێت، روخێنراون.
لەم رێگەیەوە کەرەستەی سەربازی و تەقەمەنی و هێزی پتەوکردن دەگوازرێنەوە بۆ ئەو هێزە ئێرانیانەی لە گەرووی هورمز چالاکی دەکەن.
هاوکات ئێران هێرشەکانی بۆ سەر بنکە ئەمریکییەکان لە ئوردن، قەتەر، بەحرەین، کوەیت و هەرێمی کوردستان چڕتر کردووەتەوە.
هەروەها سوپای پاسداران بانگەشەی ئەوەی کردووە کە بنکەیەکی ئەمریکای لە سوریا داوە، لەگەڵ ئەوەشدا بەگوێرەی ئاکسیۆس هێزەکانی ئەمریکا چەند مانگ لەمەوبەر پێشتر لەو دامەزراوەیە کشاونەتەوە.
لە ئێستادا ئەمریکا نزیکەی ٦٠ فڕۆکەی سووتەمەنی ئاسمانی لە ئیسرائیل پاراستووە کە نیوەیان لە فڕۆکەخانەی بن گوریۆن لە نزیک تەلئەبیب و ئەوانی دیکەش لە فڕۆکەخانەی ڕامۆن لە بەشی باشووری وڵاتەکە دانراون.
بە گوتەی بەرپرسانی ئیسرائیل، پێشبینی دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا فڕۆکەی زیاتریش بگاتە ئەو ئاستە و هێزی ئەمەریکا بۆ ئەو ئاستە دەگەڕێنێتەوە کە لە سەرەتای جەنگدا بووە.
بەرپرسانی ئیسرائیل مەزەندە دەکەن کە تاران هێشتا خۆی لە هێرشی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئیسرائیل دەپارێزێت، چونکە هەنگاوێکی لەو شێوەیە بەپێی خەمڵاندنەکانیان دەبێتە هۆی تۆڵەسەندنەوەی توند.
بنیامین ناتانیاهۆ وتی: تەنیا یەک شتم ماوە بۆ سەرکردەکانی ئێران بڵێم: چاوەڕێی ئەوە مەکەن ئەگەر هێرش بکەنە سەرمان ئارام بێت، ئەمە دووبارەبوونەوەی ئەو شتانە نابێت کە تا ئێستا ڕوویداوە، وەڵامی ئێمە زۆر بەهێزتر دەبێت.