ئەکسیۆس بڵاویکردەوە کە پێشبینی دەکرێت لە ڕۆژانی داهاتوو شەڕ بەرەو قۆناغێکی وێرانکەر بچێت، سەرۆکی ئەمرکا تاوتوێی چەند بژاردەیەکی توند دەکات بۆ پەرەپێدانی هێرشە سەربازییەکان بۆسەر ئێران.
ئاوێنە: ماڵپەڕی ئەکسیۆس رایگەیاندووە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، تاوتوێی چەند بژاردەیەکی توند دەکات بۆ پەرەپێدانی هێرشە سەربازییەکان بۆسەر ئێران، بە مەبەستی ناچارکردنی تاران بۆ قبوڵکردنی مەرجەکانی واشنتۆن، هەربۆیە پێشبینی دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا فەرمانێك دەربكات.
لای خۆیانەوە، بەرپرسانی ئەمریکی و ئیسرائیلی بۆ ئەکسیۆس ئاشکرایان کردووە، یەکێک لە بژاردە سەرەکییەکانی ئەمریکا بریتییە لە لێدانی ڕاستەوخۆی دامەزراوەکانی ژێرخانی ئێران، بەتایبەتی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی وزە، هاوکات بۆردوومانکردنی پێگەی ژێرزەمینیی نهێنی لە ناوچەی شاخی "پیکاکس" ناسراو بە 'کۆڵێنگ' کە گومان دەکرێت دامەزراوەیەکی نوێی ئەتۆمی یان سەربازیی بێت لە قۆناغی دروستکردندا.
ئەو بەرپرسانە وتوشیانە، هەرچەندە هێشتا ترەمپ بڕیاری کۆتایی نەداوە، بەڵام ئامادەیە شەڕەکە بەرەو قۆناغێکی زۆر وێرانکەرتر ببات، بە ئامانجی زیانگەیاندن بە ئێران کە ناچار بێت گەرووی هورمز بکاتەوە و داواکارییەکان قبوڵ بکات.