تۆڕی "ئەلمەنار" بڵاویکردەوە، جۆزێف عەون سەرۆککۆماری لوبنان، بەیانی ئەمڕۆ بە یاوەریی "نیعمەت عەون"ی هاوسەری، لەسەر بانگهێشتی سەرۆکی ئەمریکا، بەیروتی بە مەبەستی واشنتۆن جێهێشت.
ئاوێنە: بڕیارە لەم سەردانەدا کۆبوونەوەیەکی لوبنانی - ئەمریکی لە کۆشکی سپی بەڕێوەبچێت. هەروەها سەرۆککۆماری لوبنان بڕیارە لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئەمریکی کۆببێتەوە و بیروڕا بگۆڕنەوە سەبارەت بە دۆخی وڵاتەکە و، چەسپاندنی ئاگربەست و گەڕاندنەوەی سەقامگیری و ئاسایش بۆ ئەم وڵاتە، بەتایبەت لە ناوچەکانی باشوور.
هەروەها عەون بڕیار وایە تاوتوێی کشانەوەی ئیسرائیل لە ناوچە داگیرکراوەکانی لوبنان و سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت بەسەر تەواوی ناوچەکانی ئەم وڵاتەدا بکات.
جێی ئاماژەیە، سەرچاوە لوبنانییەکان بە تۆڕی "ئەلجەزیرە"یان ڕاگەیاندبوو کە کۆبوونەوەی شاندەکانی لوبنان و ئیسرائیل کە ڕۆژی سێشەممە لە ڕۆما بەڕێوەچوو، بووەتە هۆی ڕێککەوتنی بەرایی لەسەر دروستکردنی دوو "ناوچەی تاقیکاری" لە باشووری لوبنان؛ یەکێک لەم ناوچەگەلە لە ناوچەی ژێر داگیرکاریی تەلئەڤیڤە و ئەویتریش لە تەنیشت پێگەکانی ئەم ڕژێمە دایە.
هاوکات، بە وتەی سەرچاوەیەکی فەرمیی لوبنانی، ئامانج لە کۆبوونەوەی داهاتوو، ڕێککەوتنە لەسەر میکانیزمی جێبەجێکردنی ناوچە تاقیکارییەکان لە باشووری لوبنان؛ میکانیزمێک کە چۆنیەتی کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل و جێگیرکردنی سوپای بەیروت لەم ناوچانە دەگرێتەوە.
ئەوەیش لەکاتێکدایە، لوبنان و ئیسرائیل مانگی ڕابردوو بە نێوەندگیریی ئەمریکا "ڕێککەوتنی چوارچێوە"ـیان واژۆ کرد؛ ڕێککەوتنێک کە ئامانجەکەی کۆتاییهێنانە بە جەنگی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵا. ئەم ڕێککەوتنە دوای چەند گەڕێکی دانوستانی ڕاستەوخۆی نێوان هەردوولا لە واشنتۆن بەدەستهات.