لەسەروبەندی هەشتەمین ڕۆژی گرژییەکان لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا، سوپای ئێران ڕایگەیاند کە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردووەتە سەر چەند بنکە و دامەزراوەیەکی سەربازیی ئەمریکا لە کەمپی "العديري" و بنکەی "عەلی سالم" لە کوێت. ئەم هەنگاوەی تاران وەک کاردانەوەیەک بۆ هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ژێرخان و پردەکان لە ئێران و هەروەها کوژرانی ژمارەیەک هاووڵاتیی ئێرانی ڕاگەیەندراوە.
ئاوێنە: لە بەرامبەردا، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند کە بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، زنجیرەیەک هێرشی نوێیان بۆ سەر ئامانجەکانی ئێران ئەنجامداوە. ئامانج لەم هێرشانە، سنووردارکردنی توانای ئێرانە بۆ هەڕەشەکردن لە بازرگانیی دەریایی لە گەرووی هرمز و سزادانی سوپای پاسداران لە بەرامبەر ئەو هێرشانەی کە بوونە هۆی کوژرانی سەربازانی ئەمریکی لە ئوردن.
ئاژانسەکانی هەواڵی ئێران بڵاویانکردەوە کە فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا ناوچەکانی نزیک شاری "سیریک"، "حاجی ئاباد" و دەوروبەری دوورگەی "قشم"-یان لە پارێزگای هرمزگان بۆردومان کردووە، بەڵام جەختیان لەوە کردەوە کە هێرشەکان هیچ زیانێکی گیانی و ماددیی لێنەکەوتووەتەوە.
لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی "نیوز نەیشن"، دۆناڵد ترەمپ کوژرانی سەربازە ئەمریکییەکانی لە ئوردن بە "کارەساتێکی دڵتەزێن" ناوبرد و جەختی کردەوە کە ئامانجی سەرەکیی ستراتیژییەکەیان ڕێگریکردنە لەوەی ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات. سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی پابەندبوونەکانی تاران بە لێکتێگەیشتنە ئەمریکی-ئێرانییەکەش، ترەمپ وتی: "بە هیچ شێوەیەک گرنگیم پێ نادەم".
هاوکات، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هۆشدارییەکی جیهانی بۆ هاووڵاتییانی وڵاتەکەی دەرکرد و داوای لێکردن بەهۆی ئاڵۆزیی دۆخی ئەمنی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەگەری ڕوودانی پێشهاتی چاوەڕواننەکراو، زۆرترین ئاگادارییان هەبێت.
لە ئاستێکی دیکەشدا، لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا، وڵاتانی کەنداو و ئەوروپا هێرشەکانی ئێرانیان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان و خاکی وڵاتانی ناوچەکە ئیدانە کرد. لە بەیاننامەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە ئازادیی هاتووچۆ لە گەرووی هرمز مافێکی نێودەوڵەتییە و هەر جۆرە دەستێوەردانێک یان سەپاندنی باج لەسەر ئەم ڕێڕەوە نێودەوڵەتییە ڕەتدەکەنەوە.
شایەنی باسە، ڕۆژی شەممە ئێران ئاستی هێرشەکانی بەرفراوان کرد و دامەزراوەیەکی وزە و ئاوی لە کوێت و چەند شوێنێکی دیکەی لە بەحرێن و ئوردن کردە ئامانج، ئەمەش بە قووڵترین ئاستی گرژییەکان لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا دادەنرێت.