دۆغان هاتون هاوسەرۆکی شارەوانیی گەورەی ئامەد لە دەم پارتی دەستی لەکارکێشایەوە.
ئاوێنە: دۆغان هاتون هاوسەرۆکی شارەوانیی گەورەی دیاربەکر لە پارتی DEM دەستلەکارکێشانەوەی خۆی ڕاگەیاند، کە لەهەڵبژاردندا بەڕێژەی ٦٥%ی دەنگەکان هەڵبژێردرا.
لە پۆستێکی سۆشیال میدیادا ڕایگەیاند "دەمەوێت بە ئاشکرا دەریببڕم کە نەمتوانیوە وەک پێویست لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان سەرکەوتوو بم، کە نەمتوانیوە ئەو ڕۆڵ و ئەرکە بەجێبهێنم کە لە ئاستی خوازراودا هەڵمگرتووەو نەمتوانیوە ئەرکەکانی سەرکردایەتیم بەگوێرەی چاوەڕوانییەکان جێبەجێ بکەم، لە کاتی پرۆسەی دەست بەکاربوونمدا لەم پۆستە ئەو رەخنانەی ئاڕاستەم کران، ڕەخنەی بنیاتنەر بوون لەلایەن گەلەکەمانەوە، کە هەموویان ڕێنماییم بوون".
راشیگەیاند "بۆ ئێمە هەرگیز بوارەکانی خەباتی پارتیمان تەنها لە پۆست و فەرمانگەکاندا سنووردار نەبوون، خەبات لە هەموو بوارێکدا کە تێیداین بەردەوامە، لە هەموو گۆڕەپانێکدا کە دەتوانین بەشداری لە خەباتی گەلەکەماندا بکەین بۆ ئازادی و دیموکراسی، مانادار و بەنرخە. بۆیە ئەمڕۆ، بەدەست لەکار کێشانەوەم لەم پۆستە، بە دڵ و گیان باوەڕم وایە کە لە بوارەکانی دیکەدا بەهێزتر بەردەوام دەبم لە خەباتی گەلەکەمدا”.