یه‌حیا سەریع، وتەبێژی سەربازیی حوسییەکانی یەمەن، سه‌پاندنی گەمارۆدانی دەریایی دژی سعودییە ڕاگەیاند.
ئاوێنه: یه‌حیا سەریع، وتەبێژی سەربازیی حوسییەکانی یەمەن، ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه، له راگه‌یه‌ندراوێكدا وتی، "دوژمنی تاوانباری سعودییە" بەردەوامە لە گەمارۆدانی "ستەمکارانە و سەرکوتکەرانە"ی یەمەن، بۆیە لەم ساتەوە یاسای "چاو بەرامبەر چاو" دەخرێتە بوار جێبه‌جێكردن و گه‌مارۆی ده‌ریایی به‌رامبه‌ر به گه‌مارۆ به‌سه‌ر سعودیه‌دا ده‌سه‌پێندرێت.
ڕاگەیەندراوەکە هۆشداریی داوەتە عەرەبستان لە بەرامبەر هەر جۆرە گرژكردنێكی دۆخەکە و ڕایگەیاندوە کە بۆ هەموو بژاردە و ئەگەرێک ئامادەن.
رۆژی 4ی ئه‌م مانگه فڕۆکەیەکی کۆمپانیای ئاسمانیی ماهان گه‌شتێكی به‌ره‌و سه‌نعای پایته‌ختی یه‌مه‌ن ئه‌نجامداو دوای چەند کاتژمێرێک گەڕایەوە بۆ تاران. ئەمە یەکەم گەشتی ئاسمانی بو لە تارانەوە بۆ سه‌نعا دوای 11 ساڵ.
گەشتەکە چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە ئەنجامدرا کە راگه‌یه‌ندرا "ڕێککەوتننامەی گواستنەوەی ئاسمانی لە نێوان بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گواستنەوەی ئاسمانیی یەمەن و کۆمپانیای ئاسمانیی ماهان ئێر"ی ئێران ئیمزا کراوە.
دوەم گەشت لە تارانەوە هەفتەی ڕابردو بەهۆی بۆردومانکردنی بانده‌كانی فڕینی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سه‌نعا، لە فڕۆکەخانەی حودەیدە نیشتەوە و دوای چەند کاتژمێرێک گەڕایەوە بۆ تاران.
حکومەتی یەمەن لە عەدەن کە لەلایەن سعودیه‌وه پشتگیری دەکرێت، گەشتی ماهان بۆ سه‌نعای بە بەزاندنی ئاسمانی وڵاتەکەی ناوبرد.
حوسییەکان کە هاوپەیمانی ئێرانن، "گەمارۆی ئاسمانی"ی سه‌نعایان بە نایاسایی ناوبرد.
حوسییەکانی یەمەن کە خۆیان بە ئەنساروڵا ناودەبەن، نزیکەی سێیەکی ڕۆژئاوای یەمەنیان لەژێر کۆنترۆڵدایە، جگە لە کەرتی کەناراوەکانی کەنداو و بەندەری عەدەن کە لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی حکومەتی پێشوی یەمەندایە. حوسییەکان کۆنترۆڵی سه‌نعای پایته‌خت، بەندەری گرنگی حودەیدە و زۆربەی شریتی کەناراوەکانی دەریای سوریان لەدەستدایە.
دوای چەندین ساڵ لە جەنگی خوێناوی، حوسییەکان و ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌ی كه سعودیه سه‌ركردایه‌تی ده‌كات، ڕێککەوتن لەسەر ئاگربه‌ست كرا.
حوسییەکان وتویانه، کە بە هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی سه‌نعا ئاگربه‌ست کۆتایی هات.