پێگه‌ی ئاكسیۆسی ئه‌مریكی له زاری به‌رپرسێكی ئیسرائیلییه‌وه بڵاویكرده‌وه، سبه‌ی سێشه‌ممه، سوپای ئیسرائیل له ناوچه‌ی ئه‌زمونیی باشوری لوبنان ده‌ست به كشانه‌وه ده‌كات.
ئاوێنه: به‌رپرسێكی ئیسرائیل، ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه، به پێگه‌ی ئاكسیۆسی راگه‌یاند، سبه‌ینێ سوپای ئیسرائیل ده‌ست ده‌كات به یه‌كه‌م كشانه‌وه‌ی له ناوچه‌ی ئه‌زمونیی باشوری لوبنان، كه بڕیاره له‌شوێنی سوپای لوبنان جێگیربكرێت، ئه‌وه‌ش به‌گوێره‌ی رێككه‌وتنی نێوان ئیسرائیل و لوبنان كه له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه پشتیوانی لێده‌كرێت.
ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه كه پێشتر وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا رایگه‌یاند، ئه‌مڕۆ ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی ناوچه‌ی ئه‌زمونیی له چه‌ند گوندێكی باشوری لوبنان ده‌ستی پێكردوه، ئه‌وه‌ش به‌گوێره‌ی چوارچێوه‌یه‌كی سێقۆڵی و له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی هه‌ماهه‌نگیی سه‌ربازیی لوبناندا.
وه‌زاره‌ته‌كه ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه ئه‌م ده‌ستكه‌وته ئه‌نجامی راسته‌وخۆی دانوستانه‌كانی هه‌فته‌ی رابردوی نێوان ئیسرائیل و لوبنانه له رۆماو ئه‌مریكاش له‌نزیكه‌وه به‌رده‌وام ده‌بێت له كاركردن له‌گه‌ڵ هه‌ردو لا بۆ جێبه‌جێكردنی پرۆسه‌كه به‌سه‌ركه‌وتویی.