وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران ره‌تیده‌كاته‌وه هیچ چالاكییه‌كی ئه‌تۆمی له چیای كوڵنگ هه‌بێت و ده‌شڵیت، سه‌رنجی واشنتن له‌سه‌ر چیاكه هیچ نییه جگە لە بەهانەیەکی هەڵبەستراو بۆ دەستدرێژی و وێرانكاری.
ئاوێنه: ئیسماعیل به‌قایی، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه، له په‌یامێكدا له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی ئێكس وتی، هێرش و هه‌ڕه‌شه دوبارەکانی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییە ئاشتیخوازەکانی ئێران، نەک تەنها پێشێلکارییەکی ئاشکرای بنەما سەرەکییەکانی پەیماننامەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان، یاسای نێودەوڵەتی و بڕیارنامە پەیوەندیدارەکانی ئه‌نجومەنی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم و ئه‌نجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکانە، بەڵکو دەرخەری دوژمنایەتییەکی قوڵی ویلایەتە یەکگرتوەکانیشە بەرامبەر بە پێشکەوتنی زانستی و گەشەپێدانی تەکنەلۆجیی ئێران.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه، "چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران بەپێی پابەندییه‌كانی وڵاته‌كه‌مان، بە تەواوی بۆ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم ئاشکراکراون. سەرنجی شێتانەی واشنتن لەسەر چیای کوڵنگ کە هیچ چالاکییەکی ئەتۆمی تێدا ئەنجام نادرێت، هیچ نییە جگە لە بەهانەیەکی هەڵبەستراو بۆ دەستدرێژی، وێرانكاری و تێكدان."
به‌قایی وتوشیه‌تی"به‌و بۆنه‌یه‌وه، ئایا بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، کە کاندیدیشە بۆ سكرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان، لە کوێیە؟"
به‌قایی جه‌ختیشی كردۆته‌وه كه گەلی ئێران بەخۆڕاگری و یەکگرتوییەوە ده‌وه‌ستن و ئامادەن بە تەواوی توانایانەوە ڕوبەڕوی هەر جۆرە کردەوەیەکی دوژمنکارانەی ئەمریکا یان پێشێلکردنی سەروەری و ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکەیان ببنەوە.
دوێنێ سێشەممە دۆناڵد ترەمپ هۆشداری دایە ئێران کرد و رایگەیاند، دەکرێ "بەم زوانە" هێرش بکەنە سەر ئەو شوێنانەی تاران ئامێره‌كانی پیتاندنی یۆرانیۆم و مادە ئەتۆمییەکانی تێدا شاردوەتەوە. چیای كوڵنگ، یه‌كێك بو له‌و شوێنانه‌ی تره‌مپ ناوی هێنا.