ئەمریکا ڕایگەیاند کە کۆتایی بە تازەترین گەڕی هێرشەکانی هێناوە بۆ سەر خاکی ئێران، کە دەکاتە دوازدەهەمین شەوی لەسەریەک لە هێرش و پێکدادانەکان و بەهۆیەوە لایەنی کەم دوو کەس کوژراون، لە بەرامبەریشدا ئێران هێرشی نوێی بۆ سەر کوێت ئەنجام دا.
ئاوێنە: شەپۆلی یەکەمی هێرشە ئاسمانییەکان کاتژمێر یەکی بەرەبەیانی پێنجشەممە بە کاتی ئێران دەستی پێ کرد و دواتر شەپۆلی دووەمی بەدوای خۆیدا هێنا. لەم چوارچێوەیەدا، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد که ئامانج لەم هەڵمەتانە سنووردارکردنی تواناکانی ئێرانە لە هەڕەشەکردن بۆ سەر کەشتییە بازرگانی و مەدەنییەکان، لە کاتێکدا واشنتن هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنەوەی گەرووی هورمز و گەڕاندنەوەی هاتووچۆی دەریایی بۆ دۆخی ئاسایی دەدات.
تەقینەوە لە چەند شارێک
بەپێی میدیا فەرمییەکانی ئێران، دەنگی تەقینەوە لە شارەکانی ئەهواز و رامشیر لە پارێزگای خوزستان و هەروەها شاری سیریک لە پارێزگای هورمزگان بیستراوە. بەرپرسێکی خۆجێیی لە خوزستان ڕایگەیاند کە هێرشێکی مووشەکیی ئەمریکی هۆڵی سەرنشینانی لە مەرزی شلامچە کردووەتە ئامانج و بەو هۆیەوە دوو کەس کوژراون، هاوکات دەوروبەری شاری ئەندیمشکیش کەوتووەتە بەر هێرشی هاوشێوە.
لە لایەکی ترەوە، پارێزگاری بۆشەهر ئاماژەی بەوە دا کە مووشەکێک وێستگەیەکی کارەبایی لە نزیک وێستگەی ناوکیش پێکاوه و بۆ ماوەی دوو کاتژمێر کارەبای گوندێکی پچڕاندووە، بریکاری فەرمیی هەواڵی ئێرانیش باسی لە هێرشێکی دووەم بۆ سەر بنکەیەکی سەربازی لەو پارێزگایە کرد. لە پارێزگاکانی هورمزگان و کەرماشانیش چەند تەقینەوەیەک تۆمار کراون.
لە بەرامبەر ئەم پەرەسەندنانەدا، سوپای کوێت ڕایگەیاند کە سیستمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکە توانیویەتی ڕووبەڕووی هێرشی درۆنی ببێتەوە و داوای لە هاووڵاتییان کردووە ڕێنماییە ئەمنییەکان پەیڕەو بکەن.
مەترسییەکانی واشنتن و وەڵامی تاران
ئەم گرژییە سەربازییانە دوای ئەوە هاتن کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هەڕەشەی لە ئێران کرد بە وێرانکردنی ژێرخان و وێستگەکانی وزە ئەگەر دەستدرێژی بۆ سەر کەشتییەکان لە گەرووی هورمز بەردەوام بێت. ترەمپ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هۆشداری دا کە هەر هێرشێکی درۆنی یان مووشەکی بۆ سەر کەشتییەکان، وەڵامدانەوەیەکی وێرانکەری بۆ سەر پرد و بنکە ستراتیژییەکانی نزیک تاران لێ دەکەوێتەوە.
لە بەرامبەردا، سەرچاوەیەکی سەربازیی ئێرانی وەڵامی دایەوە و ڕایگەیاند کە هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر ژێرخانی تاران، بە ئامانجگرتنی ژێرخانی وزە لە سەرانسەری ناوچەکەی بەدوای خۆیدا دەهێنێت. عەباس عراقچی، وەزیری دەروای ئێران، جەختی لەوە کردەوە کە دروشمی وڵاتەکەی "چاو بە چاو"ە و هەر هێرشێک وەڵامێکی یەکلاکەرەوەی دەبێت و ئەوکەسانەش کە هاوکاریی ئەو دەستدرێژییە بکەن، بە ئامانجی ڕەوا دەژمێردرێن.
تەنگژەی گەرووی هورمز
لە میانی قەیرانەکەدا، سوپای پاسدارانی ئێران بڵاوی کردەوە کە سێ ناقلەی نەفت لە کاتی تێپەڕین بە ڕێڕەوێکی مینکراودا لە باشووری گەرووی هورمز تووشی ئاگرکەوتنەوە بوون و دووانیان پاشەکشەیان کردووە. سوپای پاسداران جەخت دەکاتەوە کە گەرووەکە بە تەواوی لە ژێر کۆنتڕۆڵیدایە و هیچ ناقلەیەک بە بێ هەماهەنگی ناتوانێت تێپەڕێت.
هاوکات، مارکۆ ڕوبیو، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، تارانی بە پێشێلکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوانیان تۆمەتبار کرد سەبارەت بە پاراستنی ئازادیی هاتوچۆی دەریایی، و ڕایگەیاند کە لە کاتێکدا واشنتن دەیەوێت بە ڕێگەی دیپلۆماسی و رێککەوتن کێشەکان چارەسەر بکات، بەڵام بێدەنگ نابێت لە ئاست بەئامانجگرتنی هاووڵاتی و کەشتییە ئەمریکییەکان.