سەرۆککۆماری ئۆکرانیا ڕایگەیاند، هێزەکانی وڵاتەکەی کەشتییەکی جەنگیی ڕوسیا و هەروەها چەند کەشتییەکی تریان لە دەریای قەزوین کردووەتە ئامانج، کە بە وتەی ئەو بۆ گواستنەوەی بارە سەربازییەکانی پەیوەندیدار بە ئێران بەکارهێنراون.
ئاوێنە: ڤلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆککۆماری ئۆکرانیا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" نووسیویەتی، ئۆکرانیا لە هێرشە دوورمەوداکانی شەوی ڕابردوودا لە دەریای قەزوین گەیشتووەتە ئەنجامێکی "زۆر باش".
بە وتەی ناوبراو "لەنێو ئامانجەکانی ئەم ئۆپەراسیۆنەدا ئەو کەشتییانە هەبوون کە "بە بەشداریی ئێران" بۆ گواستنەوەی بارە سەربازییەکان بەکارهێنراون".
هەر لەمڕۆدا، دەزگای ئاسایشی ئۆکرانیا (SBU)ـیش لەمیانی راگەیاندراوێکدا رایگەیاند کە درۆنەکانی ئۆکرانیا سەکۆی نەوتیی "فیلانۆڤسکی"یان کردووەتە ئامانج، کە سەر بە کۆمپانیای "لووک ئۆیڵ"ی ڕووسییە و لە دەریای قەزوین هەڵکەوتووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، دوو کەشتیی بارهەڵگر بە ناوەکانی "پۆرت ئۆلیا ٢" و "بێگی" لە هەمان ئۆپەراسیۆندا پێکراون؛ "ئەو کەشتییانەی ڕۆڵیان هەبووە لە گواستنەوەی بارە سەربازییەکان لە نێوان ڕوسیا و ئێراندا.