سەرۆکی سوریا، ئەحمەد شەرع، ڕایگەیاند کە دیمەشق کار بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئاسایش لەگەڵ ئیسرائیل دەکات بە بەشداری چەند دەوڵەتێک، هەروەها هیوای خواست ئەم ڕێککەوتنە بێتە دەروازەیەک بۆ ئاشتییەکی گشتگیر، بەبێ دەستبەرداربوون لە مافی سوریا لە بەرزاییەکانی جۆلان.
ئاوێنە: لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی ئەلجەزیرە، شەرع ئاماژەی بەوە کرد کە وڵاتەکەی خۆی لە بەریەککەوتن لەگەڵ ئیسرائیل دەپارێزێت و هیچ بەرژەوەندییەک لە چوونە ناو هیچ ڕووبەڕووبوونەوەیەکدا لەگەڵیدا نابینێت، جەختیشی کردەوە کە سەرکەوتنی ڕێکخستنە ئاسایشییە بەردەوامەکان ڕەنگە ڕێگە خوشبکات بۆ سازانێکی بەرفراوانتر.
سەبارەت بە دۆسیەی لوبنانیش، سەرۆکی سوریا دووپاتی کردەوە کە دیمەشق هیچ نیازێکی بۆ دەستوەردانی سەربازی لە لوبناندا نییە، و باسی لەوە کرد کە وڵاتەکەی لەگەڵ حکومەتی لوبنان سەرقاڵی تاوتوێکردنی ڕێگەچارەکانە بۆ هاوکاریکردن لە تێپەڕاندنی قەیرانەکە و گەیاندنی لۆبنان بە کەناری ئارامی.
ناوبراو جەختی لەوەش کردەوە کە چارەسەرکردنی قەیرانی لۆبنان تەنها لە ڕوانگەی ئاسایشییەوە ناکرێت، بەڵکو پێویستی بە چارەسەرێکی گشتگیر هەیە کە سەرجەم ڕەهەندە جیاوازەکانی بگرێتەوە، هاوکات هۆشداریشی دا لەوەی هەر ئاڵۆزی و پشێوییەک لە لۆبنان ڕاستەوخۆ کاردانەوەی لەسەر سوریا دەبێت.
لە هەمان کاتدا، شەرع پشتیوانی دیمەشقی بۆ قۆرغکردنی چەک و بڕیاری ئاشتی و جەنگ لە دەستی دەوڵەتی لوبناندا ڕاگەیاند، و مەترسییەکانی خۆشی لە فراوانبوونی بازنەی جەنگ لە ناوچەکە و لێکەوتە هەرێمییەکانی دەربڕی.
لە دۆسیەکانی دیکەدا، سەرۆکی سوریا ڕایگەیاند کە هەڵگرتنی سزای ئابوورییەکانی سەر وڵاتەکەی سوودی تەواوی ناکەوێتەوە تاوەکو ناوی سوریا لە لیستی وڵاتانی پشتیوانیکاری تیرۆر نەسڕدرێتەوە.
هەروەها شەرع ئاماژەی بە بوونی خاوبوونەوەیەک کرد لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئیمزاکراو لەگەڵ (هەسەدە)، بەڵام جەختی کردەوە کە حکومەت هێشتا گرەو لەسەر سەرکەوتنی دەکات.
لە دۆسیەی بێسەروشوێنکراوانیشدا، شەرع زیادی کرد کە دەسەڵاتدارانی سوریا لیژنەیەکی تایبەتیان بۆ بەڕێوەبردنی دۆسیەی بێسەروشوێنکراوان پێکهێناوە بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان و بە هاوکاری ئەو وڵاتانەی خاوەنی شارەزایی پسپۆڕانەن لەم بوێرەدا.