لەگەڵ سەردانی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بۆ ئەمریکا و تێپەڕبوونی فڕۆکە هەڵگرەکەی بە ئاسمانی چەند وڵاتێکی ئەوروپی کە ئەندامی دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکانن (ICC)، جارێکی تر پرسی چۆنیەتی جێبەجێکردنی فەرمانی دەستگیرکردنی نەتانیاهۆی گەرم کردەوە.
ئاوێنە: تۆڕی "ئەلجەزیرە" بڵاویکردەوە، بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە بەکاتی ناوخۆ گەیشتە بنکەی ئاسمانی "ئاندرۆز" لە ویلایەتی مێریلەندی ئەمریکا. ناوبراو بە فڕۆکەیەکی حکومی بە ناوی "باڵی زایۆن" دوای زیاتر لە ١٢ کاتژمێر فڕین گەیشتە واشنتۆن.
ئاماژە بەوەشدراوە، فڕۆکەکەی نەتانیاهۆ لە بنکەی ئاسمانی "نەواتیم" لە نزیک "بئرالسبع" فڕیوە و دوای تێپەڕین بەسەر دەریای ناوەڕاست، چووەتە ناو 'حریم' یان ئاسمانی وڵاتانی یۆنان، ئیتاڵیا و فەرەنسا. پاشان بە تێپەڕین بەسەر زەریای ئەتڵەسدا چووەتە ناو ئاسمانی کەنەدا و لەوێشەوە بەرەو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
هاوکات سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بڕیارە لەم سەفەرەیدا لەگەڵ "دۆناڵد ترەمپ" سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە. ئەمە دەبێتە هەشتەمین کۆبوونەوەی نێوان نەتانیاهۆ و ترەمپ لەدوای دەستپێکردنی خولی دووەمی سەرۆکایەتی ترەمپ.