وەزیری بەرگری ئیسرائیل رایگەیاند، لەماوەی ئاگربەستدا فڕۆکە جەنگییەکان و بۆمبهاوێژەکانی هێزی ئاسمانی ئەمریکا لە هەفتەکانی ڕابردوودا بۆ ئەنجامدانی هێرش دژی ئامانجگەلێک لە ئێران، لە بنکە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلەوە فڕیون.
ئاوێنە: ئەمڕۆ سێشەممە یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگری ئیسرائیل لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ کەناڵی ١٤ی وڵاتەکەی وتی "ئێرانییەکان دەزانن کە ئەم فڕۆکە جەنگییانە لە ئیسرائیلەوە فڕیون بۆ ئەوەی ئێران بکەنە ئامانج".
وتیشی "ئەو ئیمپراتۆریەتە لەخۆباییەی کە هەڕەشەی لەناوبردنی ئیسرائیلی دەکرد، هەرەسی هێناوە."
وەزیری بەرگری ئیسرائیل جارێکی تر هۆشداری دا، لە ئەگەری هەر هێرشێک بۆسەر وڵاتەکەی، وەڵامێکی سەربازیی توند چاوەڕێی ئێران دەکات.
ناوبراو ئەوەشی خستە روو "ئێمە بە ڕاشکاوانەترین شێوە ڕامانگەیاندووە کە ئەگەر تەقە لە ئیسرائیل بکرێت، بە هەموو هێزمانەوە هێرش دەکەین. ئێمە بۆ هێرشکردنە سەر ئێران ئامادەین".