ئاژانسی رۆیتەرز: ئێران توانای بەرگری ئاسمانی خۆی نوێ دەکاتەوە
  2026-07-29       130       

​سێ سەرچاوەی ئاگادار بە ئاژانسی «رۆیتەرز»یان ڕاگەیاندووە کە ئێران لە چەند هەفتەی داهاتوودا، یەکەم بەشی سیستمەکانی بەرگری ئاسمانیی چینی وەردەگرێت، ئەمەش بە مەبەستی بوژاندنەوەی توانای بەرگریی خۆی دوای چەند مانگێک لە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەگەڵ ئەمریکا و ئیسڕائیلدا.

ئاوێنە: ​بە وتەی ئەو سەرچاوەکانە، ئەم گربەستە پێکدێت لە کڕینی ٣٠٠ بۆ ٤٠٠ سیستمی بەرگری ئاسمانیی  کە لەسەر شانی سەربازانەوە  دەتەقێنرێت، لە دوو مۆدێلی چینیی «کیو‌ڤی-١٢» و «اف‌ئێن-١٦». بەهای گشتیی ئەم گربەستە لە نێوان ٦٠ بۆ ٧٠ ملیۆن دۆلاردا خەمڵێنراوە و ئەمەش دەکاتە یەکێک لە گەورەترین گربەستە ناسراوەکانی ئێران بۆ بەهێزکردنی بەرگری ئاسمانیی مەوداکورت لە کاتی دەستپێکردنی جەنگەکەوە.

سەرچاوەکان روونیان کردەوە کە ئەم گربەستە لەگەڵ کۆمپانیای «ژونگ‌چینگ باوشانگ اینترنشنال اینوستمنت» کە بارەگاکەی لە هۆنگ کۆنگە واژۆ کراوە، و ئەم کۆمپانیایە وەکو نێوەندگیرێک لە نێوان لایەنی ئێرانی و دابینکەری چینیدا کاری کردووە.

​ئەم هەنگاوە لە بارودۆخێکدا دەهاوێژرێت کە ئێران هەوڵ دەدات پاش چەند مانگێک لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسڕائیل بۆ سەر بنکە پەیوەندیدارەکانی بەرنامەی مووشکی، فڕۆکەی بێفرۆکەوان و بەرگری ئاسمانیی خۆی، هێزەکانی سەرلەنوێ پڕچەک بکاتەوە.

​بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، جەنگی ئەم دواییە ئەو ئاستەنگانەی ئاشکرا کرد کە لە بەردەم ئێراندا بوون بۆ پاراستنی بنکە سەربازییەکان و ناوەندە ستراتیژییەکان لە بەرامبەر فڕۆکە پێشکەوتووەکان و چەکە وردپێکەکاندا.
​ڕاپۆرتەکە ئەوەشی خستە ڕوو کە هەرچەندە ئەمریکا چەند ڕۆژپێش ئێستا هەڵمەتی هێرشە ئاسمانییەکانی ڕاگرت، بەڵام دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، جەختی لەوە کردووەتەوە کە لە کاتی شکستخواردنی دانوستانەکان بۆ کۆتاییهێنان بەو ململانێ پێنج مانگییە، ڕەنگە هێرشەکان دەستپێبکەنەوە.

​لە بەرامبەردا، وەزارەتی دەرەوەی چین دروستیی ئەم ڕاپۆرتەی ڕەتکردەوە و جەختی کردەوە کە «ئەو ڕاپۆرتە پەیوەندیدارانە هیچ بنەما و ڕیشەیەکیان نییە». وەزارەتەکە ئەوەشی خستەڕوو کە چین بەردەوام دەبێت لە ڕۆڵگێڕان لە پێناو پشتگیریکردنی هەوڵەکانی ئاشتی و کۆتاییهێنان بە پێکدادانەکان.

​پاکستانیش ئەو ڕاپۆرتانەی کە بانگەشەی ئەوە دەکەن خاکی ئەم وڵاتە وەک ڕێڕەوێک بۆ گواستنەوەی چەکی چینی بۆ ئێران بەکارهاتووە، بە توندی ڕەتکردەوە. بەڕێوەبەرایەتیی پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاکستان ئەو دەنگۆیانەی بە «دەستکرد و درۆینە» وەسف کرد.

​بەپێی وتەی سەرچاوەکان، پلانی سەرەتایی بۆ گواستنەوەی چەکەکان بریتی بووە لە ناردنی ئاسمانی لە شاری «ئۆرومچی» لە ڕۆژئوای چین و پاشان گواستنەوەیان بۆ ئێران لە ڕێگەی خاکی پاکستانەوە، هەرچەندە وردەکارییە کۆتاییەکانی ڕێڕەوی گواستنەوە هێشتا ئەگەری گۆڕانکارییان تێدایە.

​سیستمه‌کانی «کیو‌ڤی-١٢» و «اف‌ئێن-١٦» موشکی بەرگری ئاسمانیی  سەرشانن و بۆ ڕاوکردنی ئەو فڕۆکانە دیزاین کراون کە لە بەرزیی نزمدا دەفڕن، هەروەها بۆ کۆپتەر و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بەکاردێن.

​ 

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×