کازم غەریبابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران رەتکردنەوەی پێشنیاری عومان بۆ دابەشکردنی بەڕێوەبردنی گەروی هورمز بە یەکسانی لە نێوان هەردو وڵات راگەیاند.
ئاوێنە: کازم غەریبابادی له لێدوانێكدا باسی لهوهكردوه، "ئێران پێشنیازێکی جێگرەوەی پێشکەش کردوە کە تێیدا هاتوە کە ڕێگای چونە ناو کەشتیەکانی کەنداو لەژێر کۆنتڕۆڵی تەواوی ئێراندا بێت، ئەوە جگە لە بەشێک لە ڕێگەی دەرچونیان، ئهو بڕگهیهش بە مەرجێک بۆ بەردەوامی دانوستانەکان دەزانێت".
غەریبابادی جەختی لەوە کردەوە، وڵاتەکەی دان بە ڕێگای ئێستای باشوردا نانێت "تەنانەت بۆ یەک کاتژمێریش".
لایخۆیەوە بەرپرسێکی ئەمریکی رایگەیاندوە، گەروەکە "رێڕەوێکی ئاوی نێودەوڵەتییە و ئێران ناتوانێت تێپەڕین بەسەریدا کۆنتڕۆڵ بکات یان سنوردار بکات"، تاران "بە داواکاریی ناعەقڵانی سنورەکانی تێدەپەڕێنێت".
پێش هەڵگیرسانی جەنگ، ڕۆژانە نزیکەی 100 کەشتی بە ئازادی گەروەکەیان دەبەزاند، هاوکات کەشتییە نەوتهەڵگرەکان ڕۆژانە نزیکەی 20 ملیۆن بەرمیل نەوت و وەرگیراوەکانی دەگواستەوە، کە یەکسانە بە نزیکەی یەک لەسەر پێنجی بەکارهێنانی جیهانی.
ناوبژیوانانی پاکستان، قەتەر، تورکیا و میسر هێشتا لە هەوڵی پردێکدان بۆ پڕکردنەوەی ناکۆکی نێوان هەردولا، بەتایبەتی سەبارەت بەو بڕگانەی کە ئێران بەو شێوەیە لێکدانەوەی بۆ کردوە کە مافی کۆنتڕۆڵکردنی گەروەکە و سەپاندنی ڕسومات بەسەر کەشتییە تێپەڕبوەکاندا ههیه، لێکدانەوەیەک کە لەلایەن ئەمریکاوە رەتکرایەوە.
ناوبژیوانان دەڵێن، رەتکردنەوەی ئێران لە گەڵاڵەی عومان، هەوڵەکانیان بۆ زیندوکردنەوەی رێککەوتنی پێشوەختەی ئاشتی کە مانگی ڕابردو تاران و واشنتن واژۆیان کردبو، تێکداوە.