دو سه‌رچاوه‌ی حه‌شدی شه‌عبی به ئاژانسی فرانس پرێس-یان راگه‌یاندوه، له هێرشه‌كانی سعودیه‌و ئه‌مریكادا بۆ سه‌ر پێگه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له عێراق، پێنج راوێژكاری سه‌ربازیی سوپای پاسدارانی ئێران كوژراون. میدیای ئێرانیش ده‌ڵێت، چوار ئه‌ندامی سوپای پاسداران كوژراون.
ئاوێنه: ئاژانسی میهری ئێران بڵاویكرده‌وه، چوار ئه‌ندامی سوپای پاسداران له هێرشه‌كانی شه‌وی رابردوی سعودیه‌و ئه‌مریكادا بۆ سه‌ر عێراق له دیاله كوژراون كه هه‌ر چواریان خه‌ڵكی شاری كاشان بون كه ناوی هه‌ر چواریانی بڵاوكردۆ‌ته‌وه.
هاوكات دو سه‌رچاوه‌ی حه‌شدی شه‌عبی به ئاژانسی فرانس پرێسیان وتوه، له ئه‌نجامی هێرشه هاوبه‌شه‌كانی ئه‌مریكاو سعودیه بۆ سه‌ر عێراق، پێنج راوێژكاری سه‌ربازیی سوپای پاسدارانی ئێران كوژراون.
له یه‌كێك له‌و وێنانه‌دا سۆشیاڵ میدیاكانی سه‌ر به سوپای پاسداران له‌گه‌ڵ هه‌واڵی كوژرانی چوار ئه‌ندامه‌كه‌ی سوپای پاسداران‌دا بڵاویانكردۆته‌وه، ته‌رمی پێنج ئه‌ندامی سوپای پاسداران ده‌بینرێن كه له پێنج تابوتدان و به ئاڵای ئێران داپۆشراون.


هاوكات میدیاكانی ئێران باس له‌وه ده‌كه‌ن كه ژماره‌یه‌ك له بریندارانی عێراقی هێرشه‌كه‌ی سعودیه‌و ئه‌مریكا له عێراقه‌وه گواستراونه‌ته‌وه بۆ ئێران به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردن.
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی، له هێرشه هاوبه‌شه‌كانی ئه‌مریكاو سعودیه‌دا، لانیكه‌م 20 كه‌س كوژراون و 32ی دیكه‌ش برینداربون.