بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل ڕایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە میانی کۆبونەوەکەیاندا هەمو ئەو ڕێگایانەیان تاوتوێکردوە کە دەبنە هۆی ڕاگرتنی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، لەوانە هەوڵە دیپلۆماسییەکان، فشاری ئابوری و بەکارهێنانی هێز.
ئاوێنە: بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل بە میدیاكانی وڵاتەكەی ڕاگەیاندوە، دوای دیداری هەردو سەرکردەکە لە کۆشکی سپی لە ڕۆژی سێشەممەدا، نەتەنیاهۆ بە ترەمپی ڕانەگەیاندوە کە ئیسرائیل هێرشکردنە سەر ئێران بە باشتر دەزانێت. بەرپرسەکە بە ئاماژەدان بە ترەمپ وتی، "لە کۆتاییدا، بڕیارەکە لای ئەوە".
ئاماژەی بەوەشكرد، سێ بژاردە لەبەردەم ترەمپدایە و هەمویان بە وردی تاوتوێ کراون، ئەوانیش؛ "ڕێککەوتن لە ڕێگەی دانوستانەوە، بەردەوامیی گەمارۆ و فشارە ئابورییەکان، و گورزێکی سەربازیی بەرفراوان". ئەو بەرپرسە باسی لەوەشکرد کە نەتەنیاهۆ چەند بیرۆکەیەکی نوێی دیارینەکراوی لە چوارچێوەی ئەم بژاردانەدا خستوەتە ڕو.
ترەمپ پێش کۆبونەوەکەیان نیگەرانیی خۆی بەرامبەر نەتەنیاهۆ دەربڕیبو، بەهۆی دزەپێکردنی ئاشکرای وردەکارییەکانی پلانی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بۆ قسەکردن دەربارەی زانیارییە هەواڵگرییە نوێیەکان سەبارەت بە شوێنی "بیکاکس ماونتن"، کە دامەزراوەیەکە لە قوڵایی زەویدا و پەیوەندی بە بەرنامەی ئەتۆمییەوە هەیە و ترەمپ هەڕەشەی بۆردومانکردنی کردبو.
بەرپرسەکە هەبونی گرژیی لەسەر ئەم پرسە ڕەتکردەوە و وتی، هەردو هاوپەیمانەکە بە ئاسانی زانیاریی هەواڵگری دەگۆڕنەوە، هەروەها ئەوەشی ڕەتکردەوە نەتەنیاهۆ فشاری لە ترەمپ کردبێت بۆ پەرەپێدانی کردەوەی سەربازی دژی ئێران، و دەرگاشی بە کراوەیی هێشتەوە لەبەردەم ئەگەری گەیشتن بە چارەسەری دیپلۆماسی.
لێدوانی پەیوەندیدار؛
بەرپرسەکە ئاماژەی بەوەکرد، ئیسرائیل پێیوایە گەورەترین هەڕەشە بۆ سەری لە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانەوە دێت، و دەیەوێت دڵنیا بێت لەوەی تاران هەرگیز ناتوانێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. ئێران جەخت دەکاتەوە کە هەوڵ بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی نادات.
ئیسرائیل بەشداریی لە نوێترین هەڵمەتی بۆردومانی ئەمریکادا نەکرد کە ئەم مانگە دو هەفتەی خایاند و تارانی ناچار کرد لە وەڵامدا هێرش بكاتە سەر بنکە ئەمریکییەکان، بەڵام هۆشداریی دایە تاران کە لە ئەگەری ڕوبەڕوبونەوەی هەر هێرشێکدا بە توندی وەڵام دەداتەوە.
پێشتر، ئەمریکا و سعودیە هێرشیان کردبوە سەر گروپە نیمچە سەربازییەکانی ناو عێراق کە لەلایەن ئێرانەوە پشتگیری دەکرێن، و ترەمپ بەڵێنیدا "ئێران بە تەواوی تێکبشکێنێت" بەهۆی بۆردومانکردنی هێزەکانی ئەمریکا دوای چەند ڕۆژێک لە ڕاگرتنی هێرشە ئاسمانییەکانی.
ئێران لە شەودا جەختی کردەوە کە هێرشیكردوەتە سەر بنکە سەربازییەكانی ئەمریکا لە ئوردن و کەشتییەکان لە گەروی هورمز کردوە، و پێشنیازێکی سوڵتاننشینی عومانیشی بۆ بەڕێوەبردنی هاوبەشی گەروەکە ڕەتکردەوە.