لە کاتێکدا کە گەمارۆی دەریایی بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران بەردەوامە، سەرچاوە باڵاکانی ئیسرائیل ئهمڕۆ هەینی ئاشکرایان کرد، ئەمریکا و ئیسرائیل بیر لە سەپاندنی گەمارۆی وشکانی بەسەر ئێراندا دەکەنەوە، دوای ئەوەی واشنتن هەمو بژاردە بەردەستەکانی لە ستراتیژی سەربازی ئێستای بۆ کردنەوەی گەروی هورمز تەواوکرد.
ئاوێنە: بەپێی ڕۆژنامەی "دەیلی تێلیگراف"ی بریتانی، گەمارۆدانی وشکانی یەکێکە لەو بژاردانەی کە بۆ گوشاری ئابوری لەسەر ئێران لەبەرچاو دەگیرێت، بەڵام ئەو پلانە پێویستی بەوە دەبێت کە ئەمریکا و ئیسرائیل فشار بخەنە سەر دراوسێکانی ئێران بۆ داخستنی دەروازە سنورییەکان یان سنوردارکردنی تێپەڕین، بەوەش ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی سنوردار دەکرێت.
لەلایەکی دیکەوە ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەکردوە، پاکستان و عێراق کە بە هاوپەیمانی نزیکی واشنتن لە ناوچەکەدا دادهنرێن، دەتوانن ببنە "خاڵێكی لاواز" بۆ پلانهكه.
هەروەها وڵاتانی دیکەی دراوسێی ئێران، لەوانە ئازەربایجان، ئەرمینیا، ئەفغانستان، تورکمانستان و تورکیا، ئەگەری ڕازیبون بە پلانی ئەمریکا و ئیسرائیل، ڕوبەڕوی مەترسیی گرتنەبەری ڕێوشوێنی بەرپەرچدانەوەی تاران لەوان هەنگاوی سەربازی دەبنەوە.
ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بیر لە فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژی ئێران دەکاتەوە لە ڕێگەی هەڵمەتێکی ئاسمانی چڕوپڕ کە ڕەنگە لە نێوان 10 ڕۆژ تا دو هەفتە بەردەوام بێت، هاوکات دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بەردەوامە، بەپێی ئەوەی پاکستان ڕایگەیاندووە.
بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم)، دەریاوان براد کوپەر، پلانێکی ئامادە کردوە بۆ دەستپێکردنی هەڵمەتێکی ئاسمانی بەرفراوان بە ئامانجگرتنی ناوەندەکانی فەرماندەیی و دامەزراوە موشەکییەکان و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی سوپای پاسداران، بە پشتبەستن بەو قەناعەتەی کە هێرشە سنوردارەکان سەرکەوتو نەبون لە وەستاندنی هێرشەکانی ئێران یان ڕێگریکردن لە تاران لە هەڕەشەکردن لە کەشتیوانی لە گەروی هورمز و ئامانجکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە.
کوپەر بژاردەیەکی پێشنیاز کردوه کە لەسەر بنەمای پەرەسەندنێکی خێرا و تەرکیزکراو بێت بە ئامانجی کەمکردنەوەی بەرچاوی توانا موشەکییەکانی ئێران، بەوەش پێویستی بەکارهێنانی زیاتری موشەکی ڕێگری ئەمریکی کەمدەکاتەوە، بە لاوازکردنی توانای ئێران بۆ ئەنجامدانی هێرشی نوێ.
بەڵام ترەمپ هێشتا بڕیاری خۆی نەداوە، چونکە بیر لە دو بژاردەی هاوتەریب دەکاتەوە: بەردەوامبون لە هەڵمەتێکی ئاسمانی کە لە 10 بۆ 14 ڕۆژ دەخایەنێت، یان یەکلاییبونەوە بە وەڵامدانەوەی سەربازی سنوردار کە ڕێگە بە بەردەوامبونی ڕێڕەوی دیپلۆماسی دەدات