پەکەکە لە 81 کەمپ و حەشارگەی سەر سنور دەکشێتەوە؛ هەنگاوێکی نوێ بۆ خێراکردنی پرۆسەی ئاشتی
  2026-08-02       81       

پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەیان کەمپی لەسەر سنورەکانی تورکیا و عێراقی چۆڵکرد، ئەمەش وەک هەنگاوێکی نوێ بۆ خێراکردنی هەنگاوەکانی خستنەڕوی "یاسای چوارچێوە" بۆ پرۆسەی ئاشتی، کە ئەنقەرە ناوی ناوە پرۆسەی "تورکیای بێ تیرۆر" و بە پلەی یەکەم پشت بە هەڵوەشاندنەوەی پارتەکە و داماڵینی چەکەکانی دەبەستێت.

ئاوێنە: میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە، لە هەنگاوێکی نوێدا، پەکەکە چەکدارەکانی لە 81 کەمپی سەر "خاڵی سفر"ی سنورەکان کێشایەوە. هێزەکانی تورکیا پرۆسەی پشکنینی تەواویان بۆ ناوچەکە ئەنجامدا و چۆڵکردنەکە لە ڕێگەی وێنەی مانگە دەستکردەکانەوە پشتڕاستکرایەوە.

ئاماژەیان بەوەشكرد، یەکەکانی ئاسایش و هەواڵگری لە ڕێگەی ئەو ڕاپۆرتانەی ڕاستەوخۆ لە مەیدانەکەوە پێیان گەیشتوە، دڵنیابونەتەوە لە چۆڵکردنی ئەم کەمپانە، ڕاپۆرتەکان ڕونیان کردوەتەوە کە چەکدارانی پەکەکە حەشارگەکانیان چۆڵکردوە و لە چیای قەندیل لە ناوچەیەکی نزیک سنوری ئێران جێگیر بونەتەوە.

لە نێو ئەو کەمپانەی چۆڵکراون، کەمپێکی ستراتیژی هەیە کە بە هێمایەکی پەکەکە دادەنرێت لە مەتینا بەرامبەر ناوچەی "هودا تەپە" لە شارۆچکەی چوکورجای سەر بە پارێزگای هەکاری لە باشوری ڕۆژهەڵاتی تورکیا، کە بەرزییەکەی لە نێوان 1740 بۆ 1754 مەتردایە، و لە ساڵی 2007دا لە هێرشێکی پەکەکەدا 12 سەربازی تورکیای تێدا کوژرا، جگە لە دو ئەشکەوتی جیاواز لە ناوچەی ئاڤاشین کە پارتەکە وەک بارەگای هەرێمی بەکاری دەهێنان.

لەلایەكی دیكەوە ڕۆژنامەی "نەفس" لە زاری سەرچاوە ئەمنییەکانەوە بڵاویکردەوە، پارتەکە دو کۆگای لۆجستی لە ناوچەی "ئەریس فارس" لە ئاڤاشین چۆڵکردوە کە پێداویستییان بۆ هێرشەکان دابیندەکرد، لەگەڵ ئەشکەوتێک کە وەک بارەگای سەرکردایەتی و ناوەندی پەیوەندی بێتەل بەکاردەهات، و ئەشکەوتەکانی دیکە کە وەک خاڵی پشکنین لەلایەن "یەکەکانی پاراستن"ی سەر بە پارتەکە بەکاردەهاتن، هەروەها ئەشکەوتێک کە تایبەت بو بە حەواندنەوەی ئەندامانی ژنی چەکدار.

پەکەکە سێ حەشارگەی ژێر زەوی لە دۆڵی زاپ چۆڵکردوە کە تایبەت بون بە حەواندنەوەی ئەو ژنە چەکدارانەی هێرشیان دەکردە سەر سەربازانی تورکیا لەسەر سنور، لەگەڵ خاڵەکانی پەیوەندی نێوان کەمپەکان بۆ دابینکردنی پێداویستییە لۆجستییەکان، و کۆگایەکی چەک و تەقەمەنی ژێر زەوی لە نزیک شارۆچکەی "جنید چیشمیسی" سەر سنوری تورکیا، و دو حەشارگە کە بۆ دروستکردنی بۆمب و تەقەمەنی بەکاردەهاتن.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەشکەوتی "تالابورا" لە دۆڵی هەفتانین بەرامبەر ناوچەی ئۆلۆدێرە لە پارێزگای شرناخ لە باشوری ڕۆژهەڵاتی تورکیا چۆڵکراوە، لەگەڵ 11 ئەشکەوتی دیکە کە دوانیان لەسەر گردی کارتار لە زاپ هەڵکەوتون. هەمو ئەو کەمپ و ئەشکەوت و حەشارگانەی پەکەکە چۆڵیکردون، دەکەونە ناو چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی وشکانی "چنگ-کڵۆم" کە هێزەکانی تورکیا بە پاڵپشتی ئاسمانی لە ساڵی 2022ـەوە ئەنجامی دەدەن.

چۆڵکردنی ئەم کەمپانە کارێکی زۆر گرنگە بۆ ڕێگریکردن لە هەر هێرش یان پێکدادان یان ڕوداوێکی ئیستفزازی ئەگەر کە ببێتە ڕێگر لەبەردەم "پرۆسەی ئاشتی"، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە لە مانگەکانی ڕابردودا چەکدارانی پەکەکە لە 72 خاڵ بە درێژایی سنورەکان کێشراونەتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×