بەرەبەیانی ئەمڕۆ، لە نزیک کەناراوەکانی عومان و لە ئاوەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە، تەقینەوەیەک لە نزیک نەوتهەڵگرێک ڕوویدا و بووە هۆی دروستبوونی دۆخێکی نائاسایی لە ڕێڕەوە دەریاییەکاندا. سەبارەت بە زیانە گیانییەکان، سەرچاوە فەرمییەکان دووپاتیان کردەوە کە سەرجەم ئەندامانی دەستەی کەشتیوانییەکە سەلامەتن و هیچ زیانێکی گیانی لە ڕووداوەکەدا تۆمار نەکراوە.
ئاوێنە: لەم چوارچێوەیەدا، ڕێکخراوی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا (UKMTO) بە فەرمی هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و ڕاگەیاند کە تەقینەوەیەک لە نزیک کەشتییە نەوتهەڵگرەکە ڕوویداوە، بێ ئەوەی زانیاری ورد لەسەر قەبارەی زیانە ماددییەکان بخاتەڕوو.
لای خۆیانەوە، میدیا فەرمییەکانی ئێران وردەکاری زیاتریان سەبارەت بە هۆکاری ڕووداوەکە خستەڕوو و ڕایانگەیاند کە هێزە چەکدارەکانی ئێران لەو ناوچەیەدا کەشتییەکیان کردووەتە ئامانج. بە گوتەی سەرچاوە ئێرانییەکان، هۆکاری کردنە ئامانجی کەشتییەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە بەبێ هەماهەنگیی پێشوەختە لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی ئێران، هەوڵی داوە بە گەرووی هورمزدا تێپەڕێت.
ئەم پەرەسەندنە دەریاییە هاوکاتە لەگەڵ ئاڵۆزییە بەردەوامەکانی نێوان واشنتن و تاران؛ بە شێوازێک کە لە دوای هەڵگیرسانەوەی گرژییەکان لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا، تاران گەرووی هورمز وەک ناوچەیەکی ستراتیژیی داخستووە و ڕێگری لە تێپەڕبوونی سەرجەم ئەو کەشتییانە دەکات کە دەیانەوێت بەو ڕێڕەوەدا ئاڵوگۆڕی بازرگانی ئەنجام بدەن.