مەسعود پزیشكیان، سەرۆک کۆماری ئێران رایگه‌یاند، تاران بەرگری لە سنورەکانی دەکات و بەدوای فراوانکردنی مەودای شەڕەکەدا نییە له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا.
ئاوێنە: میدیاكانی ئێران ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه له‌زاری مەسعود پزیشكیان، سەرۆک کۆماری ئێران بڵاویانكرده‌وه، ناوبراو باسی له‌وه‌كردوه، تاران بەرگری لە سنورەکانی دەکات و بەدوای فراوانکردنی مەودای شەڕەکەدا نییە له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا.
لێدوانەکەی پزیشكیان لە چوارچێوەی هەڵوێستی فەرمی ئێران دێت کە داوای دان به‌خۆداگرتن و کەمکردنەوەی گرژییەکانی ئێستای ناوچەکە دەکات، هاوکات بەردەوام جەخت لەسەر ئامادەیی هێزەکانی ئێران دەکاتەوە بۆ وەڵامدانەوەی هەر هەڕەشەیەکی ئەمنی کە کاریگەری لەسەر سەروەری ئێران هەبێت.
دۆناڵد ترەمپ، سه‌رۆكی ئه‌مریكا له نوێترین په‌یامیدا رایگه‌یاند، وڵاتانی ناوچه‌كه له‌باره‌ی ئێران و راگرتنی شه‌ڕه‌وه په‌یوه‌ندیان پێوه كردوه و به‌تایبه‌تیش قه‌ته‌ر، سعودیه و ئیمارات داوایانكرد، هێرشكردنه‌سه‌ر ئێران رابگرین.
وتیشی، "له‌گه‌ڵ ئێران له‌گفتوگۆداین، ململانێ و پێكدادانه‌كانیشمان له‌گه‌ڵ ئێران به‌باشی به‌ڕێوه‌ده‌چن، هه‌رگیز نابێت ئێران ببێته خاوه‌ن چه‌كی ئه‌تۆمی".
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "له‌گه‌ڵ ئێران گفتوگۆ ده‌كه‌ین و ئه‌مه‌ش دواین ده‌رفه‌ته بۆ ئێران و چیتر ده‌رفه‌تی دیكه‌یان بۆ گفتوگۆ پێناده‌ین".
به‌ڵام ئیسماعیل به‌قایی، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران له په‌یامێكدا له‌باره‌ی دانوستان له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا، رایگه‌یاند، "هەندێک لە وڵاتانی ناوچەکە بە دوای کەمکردنەوەی گرژییەکانەوەن، ئێمەش متمانەمان بە هێزی خۆمان هەیە بۆ ڕێگری‌کردن لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا".
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو رێگایەی لەگەڵ عومان دانوستان لەسەر دەکرێت، کاتی دەبێت و لەڕێگەیەوە، تێپەڕینێکی سەلامەت بەناو گەروی هورمزدا مسۆگەر دەکەین".