قەتەر ڕایگەیاند، هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی دیپلۆماسی لەنێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەردەوامە، بەڵام تائێستا هیچ ڕێککەوتنێک بەدەست نەهاتووە و هیچ گفتوگۆیەکی ڕاستەوخۆش لەنێوان هەردوولادا پلانی بۆ دانەنراوە.
ئاوێنە: ماجید ئەنساری، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ئەمڕۆ سێشەممە ڕۆژنامەنووسانی وت "ڕاوێژەکانی دەوحە لەگەڵ ئێران و ئەمریکا بەردەوامن، ئەوەش بۆ چارەسەرێکی کورتخایەنە تاوەکو زەمینە بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان و زیندووکردنەوەی تەواوەتیی پرۆسەی نێوەندگیری بڕەخسێت".
ئەنساری هێورکردنەوەی گرژییەکان، کردنەوەی گەرووی هورمز و گەڕانەوە بۆ ڕێڕەوی دیپلۆماسی بە کارە لەپێشینەکانی ئێستای قەتەر ناوبرد و جەختیشی کردەوە کە تا ئێستا هیچ ڕێککەوتنێک واژۆ نەکراوە.
لێدوانەکانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ڕۆژێک دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو دانوستانەکان لەگەڵ تاران لە ئارادان و ئێران لەبەردەم "دواهەمین هەل"دایە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن.
ترەمپ ئاماژەی بەوەش کردبوو کە ئەم دانوستانانە لەسەر داوای ئێران، سعوودییە، ئیمارات و قەتەر ئەنجام دەدرێن. لە بەرامبەردا، بەرپرسانی ئێران جەختیان کردووەتەوە کە هیچ جۆرە دانوستانێک لەگەڵ ئەمریکا لە ئارادا نییە و گفتوگۆکانی ئێستای ئێران تەنیا لەگەڵ عومانە و تایبەتە بە پرسی گەرووی هورمز.