کۆمپانیاکانی "دانە غاز" و "نەوتی هیلال" دەستپێکردنی رەوانەکردنی گازی سروشتییان لە کێڵگەی کۆرمۆر لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ وێستگەیەکی کارەبا لە پارێزگای کەرکووک راگەیاند.
ئاوێنە: هەردوو کۆمپانیا لەمیانی راگەیەندراوێکدا ئاشکرایان کردووە "بەپێی رێککەوتنێک کە لەگەڵ وەزارەتی کارەبای عێراق واژۆ کراوە، رۆژانە بڕی 100 ملیۆن پێی سێجا گازی سروشتی لە منشئاتی کۆرمۆرەوە بۆ وێستگەی کارەبای غازی تازە لە کەرکووک دابین دەکرێت. رێککەوتنەکە بۆ ماوەی یەک ساڵ دەبێت و ئامانج لێی بەهێزکردنی بەرهەمهێنانی کارەبا و باشترکردنی خزمەتگوزارییەکانە لە ناوچە جیاوازەکانی عێراق".
ئەوەش هاتووە "ئەم هەنگاوە دوای تەواوبوونی پڕۆژەی فراوانکردنی "کۆرمۆر 250" دێت، کە توانای بەرهەمهێنانی منشئاتی خۆرمۆری بە رێژەی %50 زیادی کردووە و گەیاندوویەتییە 750 ملیۆن پێی سێجای رۆژانە. ئەم فراوانبوونە دەرفەتی ئەوەی رەخساندووە کۆمپانیاکان بچنە ناو بازاڕی نوێوە و لەرێگەی هێڵەکانی بۆڕییەوە گازی پێویست دابین بکەن".
لای خۆشیەوە، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای نەوتی هیلال و ئەندامی ئەنجوومەنی کارگێڕیی دانە غاز رایگەیاند "یەکەم ناردنی غاز بۆ وەزارەتی کارەبای عێراق وێستگەیەکی گرنگە لە کارەکانماندا بۆ گەشەپێدانی کەرتی غاز لە هەرێمی کوردستان و وەڵامدانەوەی داواکاریی زیادبووی سەر کارەبا."
ناوبراو سوپاسی هاوکاریی بەردەوامی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەسەڵاتە خۆجێییەکانی سلێمانی و وەزارەتی کارەبای عێراقی کرد کە هاوکار بوون لە بەدیهێنانی ئەم دەستکەوتەدا.
لەلایەکی دیکەشەوە، ریچارد هۆڵ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای دانا غاز ئاماژەی بەوە دا ئەم رێککەوتنە بەرهەمی بەرنامەی بەردەوامی فراوانکردنی کێڵگەکەیە و بنەمایەک بۆ هاوکاریی زیاتر لە کەرتی وزەی عێراقدا دادەمەزرێنێت، بە جۆرێک کە ئاسایشی وزە بەهێزتر دەکات.
هاوکات، پڕۆژەی گازی کۆرمۆر سووتەمەنیی پێویست بۆ بەرهەمهێنانی زیاتر لە %80ی کارەبای هەرێمی کوردستان دابین دەکات و کارەبای بەنرخێکی گونجاو بۆ زیاتر لە 8 ملیۆن هاووڵاتی لە هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەستەبەر دەکات.
جگە لەوەش، کۆی وەبەرهێنان لە پڕۆژەکەدا تاوەکو ئێستا 4 ملیار دۆلاری ئەمریکی تێپەڕاندووە و بووەتە هۆی رەخساندنی زیاتر لە 47 هەزار دەرفەتی کاری راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ. پێشبینی دەکرێت لە ساڵانی داهاتوودا بە زیادبوونی توانای بەرهەمهێنان، ئەم کاریگەرییە ئابوورییە دوو بەرامبەر بێتەوە.