دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپە، سەبارەت بە یاسای چوارچێوە و مافی هیوا ڕایگەیاند، کە دەبێت مافی هیوا بۆ عەبدوڵا ئۆجالان دەستەبەربکرێت و دەمیرتاشیش ئازاد ببێت.
ئاوێنە: سەرۆکی گشتیی مەهەپە دەوڵەت باخچەلی، سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک و یاسای چوارچێوە، بۆ بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی هەواڵی ‘میللەت’ ئاماژەی بەوەدا، واژۆکردنی ئەو پرۆژە یاسایە بە مانای هێنانەدی برایەتیی هەزاران ساڵەیە و وتی: ٨٦ ملیۆن هاووڵاتی و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لێی سوودمەند دەبن.
دەوڵەت باخچەلی ڕاشیگەیاند، لە ڕێگەی پارێزەرانەوە لە پەیوەندیدایە لەگەڵ سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە کە لە زیندانی یەدرنە زیندانی کراوە و پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ دەمیرتاشدا هەیە.
هەروەها باخچەلی لەسەر لێدوانەکانی پێشووی جارێکی تر جەختی کردەوە، کە دەبێت دەمیرتاش بگەڕێتەوە بۆ ماڵەکەی خۆی و ئەحمەد تورک و ئەحمەد ئۆزەر کە قەیوومیان لە شوێن دانراوە بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان و داوای کرد، کە مافی هیوا بۆ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانیش دەستەبەر بکرێت.
باخچەلی جەختی لەوە کردەوە، کە ئامانجیان ئەوەیە ئارامی و سەقامگیری لە تورکیا و ناوچەکەدا بەدی بێت.