پەنابەرێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەولێر کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا
  2026-08-05       39       

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ڕاپۆرتێکی وردی لەبارەی کۆتاییهاتنی ژیانی مستەفا قاسمی حەسەنوەند، چالاکوانی سیاسی و زیندانیی سیاسیی پێشوو، لە شاری هەولێر بڵاو کردەوە کە کاردانەوەی توندی لێکەوتووەتەوە.

ئاوێنە: ​بەپێی ڕاپۆرتەکە، ڕووداوەکە ڕۆژی یەکشەممە، ٢ـی ئاب، لە بەردەم نووسینگەی پەنابەرانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شارۆچکەی بەحرکەی سەر بە پارێزگای هەولێر رووی داوە. ناوبراو خەڵکی شاری ئەلەشتەری پارێزگای لوڕستان بووە و بەهۆی بێهیوایی تەواو لە پرۆسەی پەنابەری و نەبوونی پاڵپشتیی یاسایی، ئەم بڕیارە نەخوازراوەی داوە.

​زانیارییەکان دەردەخەن کە مستەفا قاسمی پێشتر لە زیندانی خورەمئاوا و دەستبەسەرگەکانی ئیتلاعاتدا، ڕووبەڕووی ئەشکەنجەی قورسی جەستەیی و دەروونی بووبەتەوە. ناوبراو لە ماوەی نیشتەجێبوونی لە هەرێمی کوردستان، چەندین جار سەردانی نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکانی کردبوو بە مەبەستی خێراکردنی پرۆسەی دۆسییەکەی، کەچی بەهۆی ڕەتکردنەوەی بەردەوامی داواکارییەکانی و کەکەڵەکەبوونی فشارە دەروونییەکان، وەک نیشانەی ناڕەزایەتییەک کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

​ئەم ڕووداوە تراژیدییە لە کاتێکدایە کە پێشتریش رووداوی هاوشێوە، لەوانە خۆسووتاندنی بەهزاد مەحموودی، لەبەردەم هەمان نووسینگەدا تۆمار کرابوو. لە بەرامبەردا، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ چەندین جار هۆشدارییان داوە لەسەر کێشەی درێژخایەنی پێڕاگەیشتن بە دۆسییەکانی پەنابەری، خراپیی بارودۆخی بژێوی و گوشارە دەروونییەکانی سەر پەنابەرانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان و داوای خێراکردنی چاکسازییان لەو پرۆسەیەدا کردووە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×