وتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر ئاشکرایدەکات کە تابلۆی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان لە ئۆتۆمبێلە ئاساییەکان جیا دەکرێتەوە.
ئاوێنە: ئەمڕۆ چوارشەممە، ٥ی ئاب عەقید هێمن ئەمین، وتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەهۆی زیادبوونی خواست لەسەر ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە هەرێمی کوردستان، بڕیار دراوە تابلۆی ئۆتۆمبێلە "Plug in" یان تەواو کارەباییەکان جیاکارییان بۆ بکرێت.
ئاماژەی بەوە کرد، تابلۆ نوێیەکە هەمان شێوەی تابلۆکانی دیکەی دەبێت، بەڵام لۆگۆیەکی تایبەتی لەسەر شێوەی "بروسک" بۆ زیاد دەکرێت کە هێمای کارەبایە، ئەمەش بۆ ئەوەی بە ئاسانی لە ئۆتۆمبێلە سووتەمەنییەکان بناسرێنەوە.
سەبارەت بە هۆکاری ئەم جیاکارییە، وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر روونی کردەوە: "ئەگەر ئۆتۆمبێلێکی تەواو کارەبایی ئاگر بگرێت، نابێت بە ئاو بکوژێندرێتەوە، بەڵکو دەبێت تیمەکانی بەرگریی شارستانی دەرمانی تایبەت بەکاربهێنن، بۆیە بوونی ئەو لۆگۆیە تیمەکان ئاگادار دەکاتەوە کە چ جۆرە ئاگرکوژێنەوەیەک بەکاربهێنن."
وتیشی، لە داهاتوودا شوێنی تایبەت بۆ بارگاویکردنی ئەم ئۆتۆمبێلانە دروست دەکرێت و ئەم رێکارانەش بە ئامانجی ئەوەیە هەرێمی کوردستان لەگەڵ پێشکەوتنە جیهانییەکان و رێکارە نێودەوڵەتییەکاندا هاوتەریب بێت، چونکە لە زۆربەی وڵاتانی جیهان ئەو جۆرە هێمایە بۆ ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان بەکار دەهێنرێت.