كازم غه‌ریب ئابادی، جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران رایگه‌یاند، له‌گه‌ڵ عومان لەسەر ڕێڕەوێکی کاتی لە گەروی هورمز گەیشتونەتە لێكتێگەیشتن و ڕێککەوتنەکی نێوانیشیان لە قۆناغی کۆتاییدایە.
ئاوێنه: کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه به ئاژانسی ره‌سمی وڵاته‌كه‌ی ڕاگەیاند، لە حاڵەتی جێبەجێکردنی تێگەیشتنە نوێیەکە لەگەڵ عومان، "ڕێڕەوە کاتییەكانی پێشوی ناو گەروی هورمز دادەخرێن."
ناوبراو وتیشی، تێگەیشتنی نێوان دو وڵاتەکە خه‌ریكه كۆتایی دێت.
ئه‌و وتی "دوایین پێشكه‌وتنی دۆخه‌كه ئه‌وه‌یه كه تێگەیشتنی سه‌ره‌تایی له‌گه‌ڵ عومان لەسەر نزیکەی تەواوی ئه‌و بابه‌تانه‌ی خراونه‌ته‌ڕو، كراوە، لەوانەش نەخشەی ڕێڕەوەکانی چونەژورەوە و چونەدەرەوەی هاتوچۆی دەریایی و ڕەهەندە لاوەکییەکان."
ناوبراو دەربارەی ڕێڕەوە نوێیەکە وتی "ئەو ڕێڕەوەی ئێستا لەبارەیەوە لە لێكتێگه‌یشتندان لەگەڵ عومان، ڕێڕەوێکی کاتییە."
له‌باره‌ی ڕێڕەوە نوێیەکە وتی"بەپێی ئەم تێگەیشتنە، ڕێڕەوی باکور کە لە نزیک دورگەی لارک دروستکرابو، لەگەڵ ڕێڕەوی باشور کە لە ئاوە ناوخۆییەکانی عوماندایە، دادەخرێن، چونکە ئەمانە ڕێڕەوی تەواو کاتی بون. ئەگەر ئەم تێگەیشتنە نوێیەی نێوان ئێران و عومان کە لە ئارادایە (بە هاتنەدیی ئەو مەرجانە) بچێتە قۆناغی جێبەجێکردن، ئەم ڕێڕەوە نوێیە بۆ پەڕینەوەی کەشتییەکان پەیڕەو دەکرێت."
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران هەروەها وتی: "بەشێکی بەرچاو لەم ڕێڕەوە نوێیە لە ئاوە هەرێمییەکانی ئێران‌دا دەبێت و بەشێکیشی لە ئاوە هەرێمییەکانی عوماندایە. واتە بە جۆرێک نەخشەسازیی بۆ کراوە کە چ لە ڕێڕەوی چونەژورەوە و چ لە بەشێک لە ڕێڕەوی چونەدەرەوەدا، کەشتییە بازرگانییەکان لە ئاوە هەرێمییەکانی ئێرانەوە تێپەڕدەبن."
ئەو لە درێژەدا ئاماژەی بەوەدا کە گفتوگۆکان لەگەڵ عومان سێ هەفتەی خایاندوە.
دەربارەی کردنەوەی گەروی هورمزیش جەختی کردەوە "دەبێت هەڵسەنگاندن بكرێت ئایا ئەمریکا ئامادەیی ڕاستەقینەی هەیە بگەڕێتەوە بۆ پابەندبونەکانی یان نا."
لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە ئایا لە ڕوانگەی ئێرانەوە مەرجی کردنەوەی گەروی هورمز، گەڕانەوەی ویلایەتە یەکگرتوەکانە بۆ ئەو پابەندبونانەی لە یاداشتی تێگەیشتنی ئیسلام ئاباددا هاتون، جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران وتی: "مەرجێکی پێویستە، بەڵام تاكه مەرج نییە. ئێمە لەلایەن ئەمریکاوە ڕوبەڕوی بابەتی وەک پەیمانشکێنی و پێشێلکردنی پابەندبونەکان دەبینەوە کە دەبێت سەرئەنجام لە شوێنێکدا ئەم بابەتە چارەسەربکرێت. جا ئەم چارەسەربونە چ بە پابەندبونێکی نوێ بێت یان بە بەیاننامە و لێدوانێکی سیاسیی نوێ، ڕەنگە دڵنیایی سه‌ره‌تایی دروست بکات."
غه‌ریب ئابادی جه‌ختیشی كرده‌وه، ئه‌وه‌ی ئه‌مریكا بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كات كه گوایه له‌گه‌ڵ ئێران له دانوستاندان راست نییه‌و هیچ دانوستانێك له‌ئارادا نییه. به‌ڵام ئێمه چه‌ند په‌یامێكمان له لایه‌ن ئه‌مریكاوه پێگه‌یشتون.
له‌باره‌ی ناوه‌ڕۆكی په‌یامه‌كانی ئه‌مریكا، جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران وتی، ئه‌و په‌یامانه‌ی پێمانگه‌یشتون باس له‌وه ده‌كه‌ن كه ئه‌مریكا ئاماده‌یی ته‌واوی هه‌یه بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ پابه‌ندییه‌كانی خۆی. له راستیشیدا ئه‌مریكییه‌كان خۆیان ئه‌مه‌یان راگه‌یاندوه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه ئایا ئێمه بڕیارمانداوه بچینه نیو قۆناغی دوه‌م یان نا، ده‌بێت بڵێم ئه‌م بڕیاره هێشتا نه‌دراوه‌و تاوتوێی ده‌كه‌ین.