د.فاتیح سەنگاوی، پەرلەمانتاری هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، پرۆژەی ئاوی دوکان-سلێمانی/٢، کە یەکێک لە ستراتیژیترین و گەورەترین شادەمارەکانی دابینکردنی ئاوی خاوێنە لە هەرێمی کوردستان، بەهۆی قەیرانی دارایی، کەڵەکەبوونی کێشە تەکنیکییەکان و نەبوونی بودجەی پێویست، بەرەو پەککەوتنی تەواوەتی و کارەساتێکی گەورەی مرۆیی هەنگاو دەنێت. لە ئێستادا زیاتر لە نیوەی پەمپەکانی پرۆژەکە لەکارکەوتوون و مەترسیی بێئاوییەکی سەخت ناوچە فراوانەکانی سلێمانی و دەوروبەری هەڕەشە لێ دەکات.
پێکهاتەی پرۆژە و قەبارەی لۆدی سەر تۆڕەکە
ئەم پرۆژەیە بڕبڕەی پشتی دابینکردنی ئاوی خواردنەوەیە بۆ ناوچەیەکی جوگرافیی بەرفراوان کە بە شێوەی ٢٤ کاتژمێری و بێپچڕان کار دەکات.
پێکهاتەی تەکنیکی: پرۆژەکە لە ٤ وێستگەی پاڵنانی سەرەکی پێکهاتووە، و لە هەر وێستگەیەکدا ١٤ پەمپ هەن کە توانای هەر یەکێکیان ١,٠٠٠ مەتر سێجا ئاوە لە کاتژمێرێکدا (کۆی گشتی ٥٦ پەمپ لە حاەتی کارکردنی تەواودا).
ناوچە بەشداربووەکان: جگە لە بەشێکی زۆری شاری سلێمانی، ئاو بۆ شارۆچکە و ناحیەکانی (ئەڵڵایی، بازیان، تەیناڵ، گۆپاڵە، تەکیە، شۆڕش و چەمچەماڵ) دابین دەکات.
گوشاری زۆر: ئەم جوگرافیا فراوانە لۆدێکی بێپایانی خستووەتە سەر ژێرخانی پرۆژەکە، کە پێویستیی هەمیشەیی بە چاکسازی و پارچەی یەدەگ هەیە.
قەیرانی دارایی و پەککەوتنی زیاتر لە نیوەی پەمپەکان
بۆچونی شارەزایان و ستافی تەکنیکی ئاماژە بەوە دەکەن کە پڕۆسەی چاکسازی (Maintenance) بە تەواوی ئیفلیج بووە. لە ئێستادا زیاتر لە نیوەی پەمپەکانی پرۆژەکە لەکارکەوتوون و دابینکردنی تەنها ٣ پەمپی نوێ لەم دواییانەدا، وەک چارەسەرێکی کاتی و ڕووکەشانە سەیر دەکرێت کە ناتوانێت قەبارەی ئەم داڕمانە گەورەیە پڕبکاتەوە.
وێستگەی تاسڵوجە؛ مەترسیی داڕمانی کتوپڕ
جگە لە کێشەی پەمپەکان، وێستگەی تاسڵوجە ڕووبەڕووی قەیرانێکی قوڵی کارەبا بووەتەوە:
מחەویلە نوێیەکان لەکاردا نین: سەرەڕای دابینکردنی محەویلەی نوێ لەلایەن بەڵێندەرەوە، بەڵام بەهۆی خەرجنەکردنی شایستە داراییەکانیان لەلایەن حکومەتەوە، ئامادە نیین ئامێرەکان بخەنە گەڕ.
لۆدی نائاسایی: بارودۆخەکە واچی لێهاتووە کە گوشارێکی ئێجگار زۆر بکەوێتە سەر محەویلە کۆنەکان.
مەترسیی گەورە: پسپۆڕان هۆشداری دەدەن کە لە هەر ساتێکدا ئەم محەویلانەش بشکێن و لەکاربکەون، بڕی بەرهەمهێنانی ئاو بۆ کەمتر لە نیوە دادەبەزێت، و شارۆچکەیەکی وەک چەمچەماڵ و دەوروبەری ڕووبەڕووی وشکەساڵییەکی تەواوەتی دەبنەوە.
دەستدرێژیی نایاسایی و بەهەدەردانی سامانی ئاو
سەرەڕای قەیرانە تەکنیکییەکان، هێڵی دووی ئاوی دوکان-سلێمانی (لە تاسڵوجە و بازیانەوە تا چەمچەماڵ و بناری مەقان) ڕووبەڕووی دەستدرێژیی نایاسایی بووەتەوە:
سەرپێچییەکان: ڕاکێشانی نایاسایی بۆڕی بۆ کارگە، باخ، ماڵان و شووشتنگەی ئۆتۆمبێل (غەسل).
کونکردنی هێڵەکان: کونکردنی تۆڕە سەرەکییەکان و ڕاکێشانی چەندین بۆڕی بۆ تەنها یەک شوێن یان ماڵ.
بێدەنگیی ئیداری: سەرەڕای ئاگاداریی لایەنە پەیوەندیدارەکان، بەهۆی دەستڕۆیشتوویی سەرپێچیکاران و لاوازیی جێبەجێکردنی یاسا، بێدەنگی هەڵبژێردراوە، یان لە حاەتی لابردنیان، دووبارە بە شێوەیەکی نایاسایی دادەنرێنەوە و بڕێکی بێشومار ئاو بەفیڕۆ دەچێت.
داواکارییە بەپەلەکان بۆ ڕزگارکردنی پرۆژەکە
بۆ پێشگرتن لە کارەساتێکی مرۆیی و پەککەوتنی یەکجارەکیی ئەم پرۆژە ستراتیژییە، پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی شارەوانی بە خێرایی ئەم هەنگاوانە بنێن:
تەرخانکردنی بودجەی فریاگوزاری بۆ پرۆژەی ئاوی دوکان-سلێمانی/٢.
دابینکردنی پارچەی یەدەگ بۆ چاککردنەوەی پەمپە لەکارکەوتووەکان.
دانی شایستە داراییەکان بە بەڵێندەرەکان و ستافی کارپێکردنی وێستگەکان.
پێکهێنانی لیژنەیەکی ئەمنی و هونەری بۆ بڕین و هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم بۆڕییە نایاساییەکان لە تاسڵوجەوە تا چەمچەماڵ.
سەپاندنی سەروەریی یاسا بەسەر سەرپێچیکاراندا بەبێ ڕەچاوکردنی پلە و پێگەیان.