لە گۆڕەپانی سیاسیی تورکیادا، مەسافات دەروێش ئۆغڵو، سەرۆکی حزبی باش (İYİ Parti)، هەڵوێستێکی توندی بەرانبەر بە پرۆژەیاسای "بەهێزکردنی تەبایی و تێکەڵبوونی کۆمەڵایەتی" نواند، کە ئامانج لێی گەڕاندنەوە و تێکەڵکردنەوەی ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یە بە ناو کۆمەڵگەی تورکیا.
ئاوێنە: لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی حزبەکەی لە پەرلەمانی تورکیا، دەروێش ئۆغڵو پرۆژەیاساکەی خستە ژێر پرسیارەوە و ناوی نا "بەڵگەنامەی خیانەت"، بەو پێیەی حزبەکەی لە ژێر هیچ بارودۆخێکدا ئامادە نییە دان بەو هەنگاوەدا بنێت یان قەبوڵی بکات.
سەرۆکی حزبی باش لە درێژەی وتەکانیدا هێمای بۆ ئەوە کرد کە ناوەرۆکی ئەم یاسایە دەرگا بە ڕووی دروستبوونی "کۆماری دووەم" لە تورکیا دەكاتەوە، و بە شێوازێک دەبینرێت کە هەوڵێکە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتەی ئێستای دەوڵەت و دامەزراندنەوەی قەوارەیەکی نوێ. ناوبراو پەیمانیدا کە لە سەرجەم ئەو پرۆژانە بوەستێتەوە کە بە وتەی خۆی دەسەڵات لە ڕێگەی بانگەشەی سیاسیی و پێداویستییەوە بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاریان دەهێنێت.
هەڵوێستی ئۆغڵو تەنها سنووردار نەبوو بە هۆڵی پەرلەمان، بەڵکو لە دەرەوەی پەرلەمانیش ڕەنگدانەوەی هەبوو؛ ناوبراو هۆشداریی ئەوەیدا کە تێپەڕاندنی یاساکە بە دەنگ و زۆرینەی پەرلەمانیی، بە هیچ شێوەیەک مۆری ڕەوایەتیی پێ نادات، و جەختికردەوە کە مێژوو و کۆمەڵگەی تورکیا سزای یاسایی و مێژوویی ئەو لایەنانە دەدەن کە دەستپێشخەری بۆ ئەم کارە دەکەن.
لە کۆتایی وتەکانیدا، مەسافات دەروێش ئۆغڵو دووپاتیکردەوە: "ئێمە بە هیچ شێوەیەک ئامادە نین ئەو بەڵگەنامە خیانەتکارە قبوڵ بکەین کە ناوی لێنراوە یاسای چوارچێوە، و نابینە بەشێک لەو سیناریۆ و چەواشەکارییەی کە لە ژێر ناونیشانی چارەسەردا دەخرێتەڕوو. سەرجەم ڕێوشوێنە یاساییەکان دەگرینەبەر بۆ لێپرسینەوە لەگەڵ هەر لایەنێک کە هەوڵی دەرکردن و جێبەجێکردنی ئەم یاسایە بدات، چ لە ناو پەرلەمان و چ لە دەرەوەیدا."