وەزارەتی کارەبای عێراق ڕایگەیاند، ناردنی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆرەوە بۆ وێستگەی گازیی کەرکووک دەستی پێکردووەتەوە، بە مەبەستی بەرزکردنەوەی توانای بەرهەمهێنان و دەستەبەرکردنی سەقامگیری لە کارکردنی یەکەکانی بەرهەمهێنانیدا، لە کاتێکدا وەزارەت پشتی بە پلانی گواستنەوەی وزەی زیادە لە نێوان پارێزگاکاندا بەستووە.
ئاوێنە: بەرپرسانی وەزارەتی کارەبای عێراق سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی گاز لە کۆرمۆرەوە بۆ کەرکووک و پلانەکانیان بۆ چارەسەرکردنی کارەبا و سووتەمەنی، لێدوانیان بۆ ڕۆژنامەی سەباح داوە. لەم چوارچێوەیەدا، حەمود نایف متعب، بەڕێوەبەری گشتیی بەرهەمهێنانی وەزەی ناوچەی باکوور، ڕایگەیاند کە ناردنی گاز لە کۆرمۆرەوە بۆ کەرکووک دەستپێکردووە و ئەمەش هەنگاوێکی گرنگ و یەکلاکەرەوەیە بۆ بەرزکردنەوەی توانای بەرهەمهێنان.
هاوکات، د. ئەحمەد تورکی جیاد، وتەبێژی فەرمیی وەزارەتی کارەبا، ئاماژەی بەوە کرد کە توانای ئێستای بەستنەوەی کارەبا لەگەڵ تورکیا ٦٠٠ مێگاواتە و پلانیان هەیە لە داهاتوودا بۆ ٧٥٠ مێگاوات بەرزى بکەنەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی کە هێڵەکە لە تەمووزی ٢٠٢٤ـدا بە ٣٠٠ مێگاوات بۆ خزمەتکردنی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین و کەرکووک کرایەوە.
ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو کە وەزارەت پشتی بە پلانی گواستنەوەی وزەی زیادە لە نێوان پارێزگاکاندا بەستووە، هاوکات لەگەڵ چڕکردنەوەی کارەکان لە پڕۆژەکان لە باشووری بەغداد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی کارەبا، بەتایبەت لە وەرزی هاویندا.
لەلایەکی ترەوە، دۆخی دابینکردنی سووتەمەنی و وزە لە نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیدا هەڵسەنگاندنی بۆ کراوە، لە کاتێکدا هاوڵاتیانی ناوچەکە بە دەست قەیرانی سووتەمەنییەوە دەناڵێنن و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەدوای ڕێگەچارەی گونجاودا دەگەڕێن بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی سەر ژیانی هاوڵاتیان.