دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان هەڵوێستی خۆی بەرامبەر لێدوانەکانی محەممەد سەمعان، پارێزگاری کەرکووک ڕاگەیاند، کە تێیدا ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراقی وەک "هەڵەیەکی ستراتیژی" وەسف کردبوو.
ئاوێنە: دەستەی ناوچە کوردستانییەکان جەختی کردەوە کە ماددەی ١٤٠ نەخشەڕێگەیەکی سەرەکی دەستوورییە بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان و دیاریکردنی ناسنامەی ئەو ناوچانەی ناکۆکییان لەسەرە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتبوو کە پابەندبوون بە دەستووری عێراق، ڕێزگرتنە لەو پێکهاتە و ئیرادە جەماوەرییەی دوای نەمانی ڕژێمی پێشوو لەسەری ڕێککەوتوون، و دەستوور چارەسەرێکی هاوسەنگی لە چوارچێوەی فیدراڵیدا بۆ ئەم پرسە دەستنیشان کردووە.
هاوکات، دەستەکە ئاماژەی بە بەهێزکردنی گیانی پێکەوەژیان لە شارەکەدا کردەوە و داوای کرد لەم قۆناغەدا خۆ لە و دەستەواژانە بەدوور بپێزرێت کە دەبنە هۆی دروستبوونی کەشوهەوای بێمتمانەیی. هەروەها جەخت لەوە کرایەوە کە لێدوانی لەو شێوەیە سەرنج لەسەر دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان لادەدات کە لە ئێستادا دانیشتووانی کەرکووک پێویستییان پێیەتی.