كاوه شێخ عه‌لی، په‌رله‌مانتاری یه‌كگرتوی ئیسلامی له په‌رله‌مانی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، له رێككه‌وتنی ساڵی 2017دا، حكومه‌تی هه‌رێم ئیمتیازی زۆری بە کۆنسۆرتیۆمی دانه‌غاز و پێڕڵ بەخشیوەو بەپێی ڕێککەوتنەکە، ماوەی گرێبەست تا ساڵی 2049 درێژکراوەتەوەو مافی بازرگانی و فرۆشتنی 50%ی غازی زیادکراوی کێڵگەی کۆرمۆر بە کۆمپانیا سپێردراوەو ئەم فرۆشتنە پێویستی بە ڕەزامەندی پێشوەختەی حکومەتی هەرێم نابێت.
ئاوێنه: كاوه شێخ عه‌لی، په‌رله‌مانتاری یه‌كگرتوی ئیسلامی له په‌رله‌مانی كوردستان، ئه‌مڕۆ هه‌ینی، له نوسینێكدا له‌ژێر ناونیشانی "ڕێککەوتن و گرێبەستێکی هەڵە؛ قەرز و لەدەستدانی سەروەری تا ساڵی 2049"، وتویه‌تی "بەهۆی بیرکردنەوەی کورتخایەن و نەشارەزایی لە داڕشتنی گرێبەستە نێودەوڵەتییەکان و ڕێکكەوتنەکان، حکومەت، نەک تەنیا ناچار بە دانانی بارێکی دارایی گەورە بو، بەڵکو لە ڕێککەوتنی 30ی ئابی 2017دا ئیمتیازی یاسایی و بازرگانی زۆریشی بە (کۆنسۆرتیۆمی دانه‌غاز و پێڕڵ) بەخشیوە."
هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كردوه "بەپێی ڕێککەوتنەکە، ماوەی گرێبەست تا ساڵی 2049 درێژکراوەتەوە، هەروەها بلۆکی 91 و 20 زیادکراون بۆ ناوچەی گرێبەست و مافی بازرگانی و فرۆشتنی 50%ی گازی زیادکراوی کێڵگەی کۆرمۆر بە کۆمپانیا سپێردراوە."
به‌قسه‌ی ئه‌و په‌رله‌مانتاره "ڕێککەوتنەکە بە ڕونی دەڵێت: "will be marketed and sold by Pearl to customers within Iraq or by export..." واتە کۆمپانیا مافی بازاڕکردن و فرۆشتنی ئەو 50%یەی گازی زیادکراوی هەیە، چ لەناو عێراق و چ بە هەناردە.
كاوه شێخ عه‌لی ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕو"لە هەمان کاتدا، دەقی بڵاوکراوەی ڕێککەوتن هیچ ئاماژەیەکی ڕون ناکات کە ئەم فرۆشتنە پێویستی بە ڕەزامەندی پێشوەختەی حکومەتی هەرێم هەبێت، چونکە ئەو بەشەی ڕێککەوتنە بەردەستە، بێدەنگی لەسەر ئەو مەرجە دەکات."
ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه "هەشت مانگ لەمەوبەر، حکومەتی هەرێمی کوردستان دانه‌غازی ئاگادارکردەوە کە بێ ڕەزامەندی حکومەت غاز بە عێراق نەفرۆشێت. بەڵام ئەگەر ئەو ئاگادارکردنەوەیە پشت بە هەمان دەقی ڕێککەوتنی 2017 نەبەستێت، ئایا حکومەت بە کام مادەی گرێبەست دەتوانێت ڕێگری لە فرۆشتن بکات، کاتێک دەقی بڵاوکراوە مافی بازاڕکردن و فرۆشتنی ئەو 50%ە بە کۆمپانیا دەدات؟"
په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی یه‌كگرتوی ئیسلامی پێی وایه "ئەمە نمونەیەکە لەوەی چۆن گرێبەستێکی خراپ، دەتوانێت بۆ ساڵانێکی زۆر کۆنترۆڵی حکومەت بەسەر سامانە سروشتییەکانی خۆی لەدەستبدات یان کەمبکاتەوە و ناچار بێت لە دواتردا بە نامە و ئاگادارکردنەوە هەوڵی چارەسەری کێشەیەک بدات کە بنەمای لە ناو خودی گرێبەستەکەدا دانراوە."
وتوشیه‌تی "ئەمە هاوشێوەی بازرگانانی سوتەمەنییه کە چۆن پێچەوانەی بڕیاری حکومەت لە دابەزاندنی نرخی بەنزین بۆ 850 دینار گرانتریان کرد بۆ 1500 دینار، چونکە بۆشی حکومەتیان لایەو هیچی پێ نەکرا."
ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه كه دوێنێ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، بڕیاری تاکلایەنانەی کۆمپانیاکانی كرێسنت پترۆلیۆم و دانه‌غاز بۆ دابینكردنی غاز له كێڵگه‌ی كۆرمۆره‌وه بۆ وه‌زاره‌تی كاره‌بای عێراق "بەبێ ڕەزامەندی حکومەتی هەرێم و لە دەرەوەی ئەو چوارچێوە گرێبەستییەی کە پرۆژەی کۆرمۆر بەڕێوەدەبات، بە پێشێلکردنی گرێبەستەکە هەژمار دەکرێت، هەروەها دەستوەردانێکی بێپاساوە بۆ ئەو رێکارە دامەزراوەییانەی کە پەیوەندی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی ڕێکدەخەن."