کۆمپانیاکانی دانه‌غاز و کرێسنت پێترۆلیۆم تۆمه‌ته‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم له‌باره‌ی پێشێلكردنی گرێبه‌سته‌كان ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌و ده‌ڵێن، حكومه‌تی هه‌رێم ئاگاداری فرۆشتنی غاز بوه به عێراق
ئاوێنه: کۆمپانیاکانی دانه‌غاز و کرێسنت پێترۆلیۆم، وەک بەڕێوەبەرانی کۆنسێرتۆمی (پێڕڵ پێترۆلیۆم)، لە راگەیه‌ندراوێکدا وه‌ڵامی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی دوێنێی حكومه‌تی هه‌رێمیان دایه‌وه له‌باره‌ی فرۆشتنی غاز له كۆرمۆر به وه‌زاره‌تی كاره‌بای عێراق.
به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه "حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە ئاگاداری رێککەوتننامەی فرۆشتنی غاز بوە بە وەزارەتی کارەبای فیدراڵ و کۆپییەکی رێککەوتنەکەشی پێدراوە."
هەروەها ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەم هەنگاوە دوای چەندین ساڵ لە گفتوگۆ و هەوڵ دێت کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام ئاگاداری وردەکارییەکانی بووە.
ئه‌وه‌شیان خستۆته‌ڕو، رێککەوتنەکە بەپێی مافە یاساییەکانیان بووە بۆ بەبازاڕکردنی غاز و پێویستی بە هیچ مۆڵەتێکی دیکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان نەبووە. "هەر بۆیە هەموو ئەو تۆمەتانە رەت ده‌كه‌نه‌وه کە باس لە پێشێلکردنی پابەندییە گرێبەستییەکانیان دەکەن."
سەبارەت بە شایستە داراییەکان، کۆمپانیاکە ئاشکرای کردوه "سەرەڕای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ماوەی سێ ساڵە پارەی کۆمپانیاکەی نەداوە و پێشێلی پابەندییەکانی کردووە"، بەڵام ئەوان بەردەوام بوون لە دابینکردنی غاز بۆ هەرێمی کوردستان بەبێ پچڕان.
کۆمپانیاکە لە بارەی بڕی غازه نێردراوەکە بۆ کەرکووک وتویه‌تی: "ئەو 100 ملیۆن پێ سێجا گازەی رۆژانە بۆ کەرکووک دەنێردرێت، لە توانای زیادەی کێڵگەی کۆرمۆرە و جیاوازە لەو 655 ملیۆن پێ سێجا غازه‌ی کە رۆژانە بۆ وێستگەکانی کارەبای هەرێمی کوردستان دابین دەکرێت."
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا هاتوە کە پێڕڵ پێترۆلیۆم لە ساڵی 2007ـەوە بایی زیاتر لە 4 ملیار دۆلار لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنانی کردوە و وەک گەورەترین وەبەرهێنەری ئەم کەرتە، پابەندە بە بەردەوامبون لە کارەکانی بۆ خزمەتی خەڵکی هەرێمی کوردستان و تەواوی عێراق.
ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه كه دوێنێ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، بڕیاری تاکلایەنانەی کۆمپانیاکانی كرێسنت پترۆلیۆم و دانه‌غاز بۆ دابینكردنی غاز له كێڵگه‌ی كۆرمۆره‌وه بۆ وه‌زاره‌تی كاره‌بای عێراق "بەبێ ڕەزامەندی حکومەتی هەرێم و لە دەرەوەی ئەو چوارچێوە گرێبەستییەی کە پرۆژەی کۆرمۆر بەڕێوەدەبات، بە پێشێلکردنی گرێبەستەکە هەژمار دەکرێت، هەروەها دەستوەردانێکی بێپاساوە بۆ ئەو رێکارە دامەزراوەییانەی کە پەیوەندی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی ڕێکدەخەن."